رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی فیدراڵی لە ئەڵمانیا دەڵێ، ئۆگوست هانینگ، سەرۆکی پێشووی هەواڵگریی دەرەوەی ئەڵمانیا و هاوکارێکی دەستگیرکراون. داواکاری گشتی هۆکاری دەستگیرکردنیانی بۆ تۆمەتی "سیخوڕیی خیانەتکارانەی گوماناوی، ئاشکراکردنی نهێنییەکانی دەوڵەت، هەوڵدان بۆ خیانەت لە دەوڵەت و سیخوڕیکردن" گەڕاندەوە.
رۆژی سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2026، داواکاری گشتیی فیدراڵی لە ئەڵمانیا رایگەیاند، لەسەر داوای دادگەی باڵای فیدراڵی و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دژی دەوڵەت، هێزەکانی دەستەی فیدراڵیی تاوانەکان ئۆگوست هانینگ، سەرۆکی پێشووی هەواڵگریی دەرەوەیان دەستگیرکرد. مانفرێد دی، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەواڵگریش دەستگیرکراوە.
بەگوێرەی داواکاری گشتیی فیدراڵی، هانینگ لە ساڵی 1998 تاوەکو 2005 سەرۆکی هەواڵگریی دەرەوە بووە، بەڵام لە ساڵی 2010 رێککەوتنێک لەنێوان هانینگ و مانفرێد دیدا بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەبەرامبەر پارەدا دەستیپێکردووە.
داواکاری گشتیی فیدراڵی گوتی: "هانینگ دەبوو ئەم زانیارییانە لە چوارچێوەی کاری راوێژکاریی تایبەتی خۆیدا کە دواتر دەستیپێکردبوو، بۆ دەستکەوتنی پارە بەکاربێنێت. لە ماوەی چەندین ساڵ – بەگوێرەی رەوشی ئێستای لێکۆڵینەوەکان تاوەکو حوزەیرانی 2022 – مانفرێد دی نزیکەی دوو هەزار بەڵگەنامەی خستووەتە بەردەست هانینگ، کە لەنێویاندا زۆربەی زانیارییەکان وەک نهێنی پۆلێن کرابوون."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لێکۆڵینەوە لەوە دەکرێ ئایا هانینگ نهێنییەکانی دەوڵەتی داوەتە "هێزە بیانییەکان" یان نا.
زانراوە کە دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبارەکە لە ناوچەی باد تۆلتس-ڤۆڵفراتسهاوزن لە باڤاریا و ناوچەی شتاینفۆرت لە هەرێمی نۆردراین-ڤێستفالیا بووە.
بەگوێرەی داواکاری گشتیی فیدراڵی، مانفرێد دی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی هەواڵگریی دەرەوە بووە؛ مانفرێد دی لە کاتی پۆستەکەی هانینگ وەک بریکاری وەزارەت لە وەزارەتی ناوخۆدا، سکرتێری هەمان بەرپرس بووە.
داواکاری گشتی ئاماژەی بەوەش کرد، مانفرێد دی لە ساڵی 2012 تاوەکو 2026یش وەک بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەواڵگری بەردەوام بووە.
ئەم دۆسیەیە لە چوارچێوەی دۆسیەی بازرگانێکی هامبۆرگ بەناوی کریستینا بلۆک سەریهەڵدا. باس لەوە دەکرێت هانینگ لە رفاندنی منداڵەکانی کریستینا بلۆکدا بەشدار بووە.



