رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا بە فەرمی کشانەوەی سەرجەم بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی جۆری (B-1) لە بنکەی ئاسمانیی (فێرفۆرد)ـی بەریتانیا پشتڕاستکردەوە؛ ئەمەش بەهۆی "مەترسییە نوێیەکانەوە" دێت بۆ سەر بنکەکە کە پێشتر لەلایەن واشنتنەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردەهێندرا، هەرچەندە حکومەتی بەریتانیا جەخت لە سەلامەتیی بنکە سەربازییەکە دەکاتەوە.
پێشتر لە 27ـی ئەیلوولدا، پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا هێزەکانی رەوانەی ئەو بنکە ئاسمانییە لە باشووری رۆژئاوای ئینگلتەرا کرد، دوای ئەوەی جووتیارێکی ناوچەکە زانیاریی دا لەبارەی بینینی چەند کەسێکی دەمامکدار لەگەڵ چەند بارهەڵگرێکی بچووک (ڤان) کە سەرقاڵی جموجووڵی "گوماناوی" بوون؛ ئەمەش بووە هۆی چۆڵکردنی 85 ماڵ لە دەوروبەری بنکەکە. لێکۆڵەران دواتر رایانگەیاند، هیچ تەقەمەنییەکیان لەنێو ڤانەکاندا نەدۆزیوەتەوە، بەڵام دەستیان بەسەر بڕێک بەنزیندا گرتووە.
"فڕۆکەکان گەڕانەوە ئەمریکا"
بەرپرسێکی وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، رۆژی یەکشەممە، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئێستا دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە سەرجەم ئەو بۆمبهاوێژە ئەمریکییانەی لە بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرد جێگیر کرابوون، گەڕێندراونەتەوە بۆ بنکە سەرەکییەکانی خۆیان لە ئەمریکا. هۆکاری ئەوەی پێشتر نەمانتوانی ئەم جووڵەیە پشتڕاست بکەینەوە، بۆ رێکارەکانی ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەکە دەگەڕایەوە."
لە لایەکی دیکەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە گوتی، "لە رووی تیۆرییەوە، لەوانەیە بنکەکانمان لە هەر کاتێکدا رووبەڕووی مەترسی ببنەوە، هەربۆیە رێوشوێنی ئەمنیی تووند لە دەوروبەریان گیراوەتەبەر." ئاماژەی بەوەش کرد واشنتن و لەندەن پێکەوە لێکۆڵینەوەیان کردووە و "هاوکاريی بەریتانیا لەوپەڕی باشيدابوو."
بەڵام بەرپرسێکی نەناسراوی ئەمریکی بە کەناڵی (سی ئێن ئێن)ـی راگەیاند، بۆمبهاوێژەکان بەهۆی "مەترسییەکی نوێی دیارینەکراوەوە" گواستراونەتەوە و گوتیشی کە ئەمە "رووداوێکی راستەقینە بووە". ئەوەشی روونکردەوە، بڕیارێکی دەگمەنە فڕۆکەکان راستەوخۆ بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەمریکا لە جیاتی ئەوەی رەوانەی بنکەیەکی دیکەی ناوچەکە بکرێن.
هاوکات دوو بەرپرسی ئەمریکی بە رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ـیان گوتووە، کشانەوەکە دوای ئەوە هاتووە کە فەرماندە سەربازییەکان هۆشداریی نوێیان پێگەیشتووە سەبارەت بە پیلانێکی لایەنەکانی نزیک لە ئێران بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکە.
بەرپرسێکی دیکەش ئاشکرای کرد، ئەم زانیارییانە پەیوەندییان بەو هۆشدارییانەوە هەیە کە سێ هەفتە لەمەوبەر دەرکەوتبوون، بەڵام لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێکی هەستیار و بەپەلە.
لە بەرامبەردا، گوتەبێژی فەرمیی ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بنکەکە سەلامەتە، گوتی، "بەڵێ؛ ئێمە رێکاری تاقیکراوەمان هەیە بۆ پاراستنی بنکەکانمان لە سەرانسەری وڵات و جیهاندا."



