رووداو دیجیتاڵ
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، دوای ئەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی پڕۆژەیاسای تایبەت بە کەمکردنەوەی قەیرانی نیشتەجێبوونی رەتکردەوە، بڕیاریدا رۆژی 29ـی تشرینی دووەم بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاربکات و پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە.
سانچێز کە لە ساڵی 2018ـەوە لە پۆستەکەیدایە، لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا رۆژی دووشەممە 05-10-2026 رایگەیاند: "بۆ ئەوەی کاری زیاتر بکەین، پێویستیمان بە نوێکردنەوە و فراوانکردنی پاڵپشتیی گەل هەیە." ئامانج لەم بڕیارەش "مسۆگەرکردنی زۆرینەیەکی پێشکەوتنخوازی زۆر فراوانترە لە پەرلەمان."
شکستی حکومەتەکەی سانچێز لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە لە رۆژی هەینیی رابردوودا، دوای ئەوە هات کە پارتی (جونتس)ـی جوداخوازی کەتەلۆنی دەنگیان لە دژی پڕۆژەکە دا. پڕۆژەیاساکە نوێکردنەوەی ئۆتۆماتیکیی گرێبەستی کرێنشینی و دانانی کۆتوبەند لەسەر دەرکردنی کرێنشینە هەژارەکانی لەخۆدەگرت.
ئەم قەیرانە سیاسییە هاوکاتە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی جەماوەری.
رۆژی شەممە دەیان هەزار کەس لە مەدرید و شارەکانی دیکەی ئیسپانیا رژانە سەر شەقامەکان و داوای یەکەی نیشتەجێبوونی گونجاویان کرد بە نرخێکی هەرزان.
دوای ئەوەی مانگی رابردوو خانەنشینێکی تەمەن 87 ساڵ بە ناوی (ماریکارمن ئاباسکال) لە شوقەکەی خۆی لە مەدرید دەرکرا کە حەوت دەیە بوو تێیدا دەژیا قەیرانەکە زیاتر تەقییەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان شوقەکەی کڕی و ویستی کرێیەکەی 275٪ بەرز بکاتەوە (هەرچەندە دواتر بەهۆی گوشاری خەڵکەوە رێککەوتن کرا بە کرێیەکی کەم بگەڕێتەوە شوقەکەی).
قەیرانی نیشتەجێبوون چەندین ساڵە بووەتە خەمی سەرەکیی ئیسپانییەکان؛ بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی خانووبەرەی (Idealista)، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا تێکڕای کرێی خانوو لە ئیسپانیا نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە و نرخی خانووش 90٪ بەرزبووەتەوە.
ئێستاش سەدان خۆپیشاندەر لە نێوەڕاستی مەدرید چادریان هەڵداوە و داوای چاکسازی دەکەن.
لەلایەکی دیکەشەوە، نوێترین راپرسییەکان دەریدەخەن، پارتی (گەل)ـی ئۆپۆزیسیۆن لە پێش پارتی سۆشیالیستی دەسەڵاتدارەوەیە. پێشتر بڕیار بوو هەڵبژاردنی گشتیی ئیسپانیا لە ساڵی 2027 بەڕێوەبچێت.


