رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی دا، ئەگەر پارتی کۆماری زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی مانگی تشرینی دووەمدا بەدەستبهێنێتەوە، بڕی پێنج هەزار دۆلار دەداتە هەر هاووڵاتییەکی پێگەیشتووی ئەمریکا.
ترەمپ لە میانی گوتارێکیدا لە بانگەشەی هەڵبژاردندا گوتی: "ئەگەر کۆمارییەکان ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران ببەنەوە، من پێنج هەزار دۆلار دەدەمە هەموو هاووڵاتییەکی پێگەیشتوو لە ئەمریکا."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دا لە سەرکەوتنی دیموکراتەکان و ئاماژەی بەوە کرد: "ئەگەر دیموکراتەکان سەربکەون، بە بڕوای من رووبەڕووی داڕمانێکی ئابووری دەبنەوە هاوشێوەی ساڵی 1929، کە کاتێکی زۆر خراپ بوو؛ بەڵام ئەگەر کۆمارییەکان ببەنەوە، هەریەکە و پێنج هەزار دۆلار دەچێتە گیرفانتانەوە و سەرکەوتنی ئابووریش بۆ وڵاتەکەمان بەدەستدێت."
ترەمپ مەرجێکی بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە دانا و گوتی: "بەڵام تێبینی و مەرجێک لەسەر ئەو پێنج هەزار دۆلارە هەیە، دەبێت هەر لەنێو ئەمریکادا خەرجی بکەن."
ئەم بەڵێنە گەورەیەی ترەمپ لە کاتێکدایە، رکابەرییەکی تووند لەنێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکاندا هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت و کاریگەریی یەکلاکەرەوەی لەسەر سیاسەتەکانی ئیدارەی ترەمپ و ئابووریی ئەو وڵاتە دەبێت.



