رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی سنووری لیتوانیا دەڵێ، هێزەکانیان لە سنووری بێلارووس 35 کۆچبەریان دەستگیرکردووە کە هەوڵیان دەدا بە نایاسایی بچنە نێو وڵاتەکەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لە دەستگیرکراوەکان هاووڵاتیی عێراقین.
رۆژی هەینی، 2ی تشرینی یەکەمی 2026، پاسەوانی سنووری لیتوانیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ناوچەی چیپکلیای کە هاوسنوورە لەگەڵ بێلارووس 35 کۆچبەری دەستگیرکرد.
بە گوێرەی پاسەوانی سنووری لیتوانیا، کۆچبەرەکان هەوڵیاندەدا بچنە نێو وڵاتەکەوە و لەوێشەوە خۆیان بگەیێننە وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا؛ ئەوەش هاتووە: "هێزی پاسەوانی سنوور، پۆلیس بە سوودوەرگرتن لە سەگی پۆلیس و هێلیکۆپتەری تایبەت بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کرد".
پاسەوانی سنووری لیتوانیا ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆچبەرەکان هەوڵیاندا ببنە چەند گرووپێک بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان دەرباز بکەن، بەڵام دەستگیرکران.
بەشێکی کۆچبەرەکان هاووڵاتیی عێراقی بوون.
پاسەوانی سنووری لیتوانیا ئاماژەی بەوە کردووە، 29 لە کۆچبەرەکانیان دیپۆرتی بێلارووس کردوەتەوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ پێنجیان بەردەوامە و یەکێکیشیان براوەتە نەخۆشخانە چونکە باری تەندروستی جێگیر نەبووە.
بە گوێرەی پاسەوانی سنووری لیتوانیا، پار هەزار و 652 هەوڵی تێپەڕاندنی سنوورەکانیان لە بێلارووسەوە هەبووە، لە کاتێکدا پێرار هەزار و دوو هەوڵی لەو جۆرە هەبووە.


.jpg&w=3840&q=75)