رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، هاوئاهەنگییەکان بۆ دەستەبەرکردن و گەڕاندنەوەی تەواوی ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز بەردەوام دەبن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەناردەکردنی نەوت لە رۆژانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو لەو تەنگەیەوە زیادی کردووە.
رۆژی هەینی، 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن لە گوتاری کۆتایی کۆبوونەوەی وڵاتانی حەوت رایگەیاند، بڕیاریان داوە بەردەوام بن لە هاوئاهەنگیکردنی هەنگاوەکانیان بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئازادیی تەواوی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز و گوتی: "لە رۆژانی رابردوودا هەناردەکردن زیادی کردووە، لە نێوان هورمز و یەنبوعیشدا کە دەڕژێتە دەریای سوور، زیاتر لە سێ لە سەر چواری ئەو قەبارەیەی نەوتمان هەیە کە بەر لە جەنگ دەردەچوو."
28ـی شوباتی ئەم ساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. لە 2ـی ئادارەوە، ئێران وەک وەڵامێک بۆ ئەو هەڕەشەیە تەنگەی هورمزی داخست کە پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا هەناردە دەکرا.
لەو کاتەوە رۆژانە بە تێکڕا نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا هەناردە دەکرێت. ئەمەش گوشارێکی گەورەی لە سەر نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا دروست کردووە.
تەممووزی ئەم ساڵ گواستنەوەی نەوت بە تەنگەی بابولمەندەبیشدا کێشەی بۆ دروست بوو، ئەمەش دوای ئەوەی لە 14ـی ئەو مانگەدا حووسییەکانی یەمەن گەمارۆیان بە سەر گواستنەوەی نەوتی سعودیەدا سەپاند و رەتیان کردەوە رێگە بدەن کەشتییەکانی سعودیە بەو تەنگەیەدا تێپەڕن.
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد: "لە سەر تێچووی گواستنەوەش بابەتێکمان لە بەردەستە، هەر بۆیە هەوڵەکانمان یەکدەخەین بۆ کەمکردنەوەی ئەم تێچووەی گواستنەوە و تێچووی لۆجستیی."
ماکرۆن گوتیشی: "گرنگە لێرەدا جەخت لەوە بکەینەوە کە کارەکان بەرەوپێش دەچن و هەمووانیش پێداگرن لە سەر هەنگاوەکان، هاوکات پشتیوانی لە گەڕاندنەوەی ئەم ئازادییەی کەشتیوانییە دەکەین."
لە دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک داوای بەشداریی راستەوخۆی لە وڵاتانی ئەورووپا و هاوپەیمانەکانی دیکەی واشنتن کردووە بەشدار بن لە هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، ئەوان بەشدارییان لەو هەوڵانە لە کاتی جەنگدا رەت کردەوە.


