رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆریای باشوور هۆشداریی دایە حکومەتی ئۆکراینا و رایگەیاند، ئەگەر کیێڤ ئامادە نەبێت بە فەرمی و ئاشکرا داوای لێبووردن بکات سەبارەت بە ئاشکراکردنی گواستنەوەی دیلەکانی کۆریای باکوور بۆ وڵاتەکەی، ئەوا سیئۆل "رێوشوێنی دیکە" دەگرێتەبەر.
ئەم ناکۆکییە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دروستبوو کە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا هەفتەی رابردوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاشکرا رایگەیاند، وڵاتەکەی دوو سەربازی کۆریای باکووری رەوانەی کۆریای باشوور کردووە. ئەو سەربازانە کە سەرەتای ساڵی رابردوو هاوشانی هێزەکانی رووسیا لە ئۆکراینا دەجەنگان، بە دیل گیرابوون.
تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەو لێدوانەی زیلینسکی، لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور نیگەرانیی خۆی دەربڕی. حکومەتی سیئۆل جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی نهێنیی ئەو پرۆسەیە زۆر گرنگ بووە بۆ ئەوەی خێزان و کەسوکاری ئەو دیلانە لە نێو خاکی کۆریای باکووردا پارێزراو بن و رووبەڕووی سزادان و سەرکوتکردن نەبنەوە، بەتایبەت کە پێشتر میدیای کۆریای باشوور وێنەی ئەو دیلانەیان بڵاوکردبووەوە.
سەرۆکی کۆریای باشوور رۆژی هەینی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "ئەگەر ئۆکراینا بەردەوام بێت لە رەتکردنەوەی داننان بە راستییەکان و بە ئاشکرا داوای لێبووردن نەکات، ئەوا ئێمە رێوشوێنی دیکە دەگرینەبەر."
پەرلەمانتارێکی کۆریای باشوور رۆژی چوارشەممە ئاشکرای کرد، دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەیان پێیوایە، زیلینسکی بەمەبەست و بۆ راکێشانی سۆز و پشتیوانیی شەقامی کۆریای باشوور ئەم زانیارییەی ئاشکرا کردووە، تاوەکو گوشار بخاتە سەر سیئۆل بۆ پێدانی چەک بە ئۆکراینا.
لە ساڵانی رابردوودا کۆریای باشوور بووەتە یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی چەک لە جیهاندا، بەتایبەت لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا و واژۆکردنی گرێبەستی ملیاران دۆلاری لەگەڵ پۆڵەندا، بەڵام تاوەکو ئێستا رەتیکردووەتەوە چەکی کوشندە راستەوخۆ رادەستی کیێڤ بکات، ئەمەش لەسەر بنەمای سیاسەتی نەگۆڕی وڵاتەکەی کە چەک ناداتە ئەو وڵاتانەی لە نێو جەنگدان.


