رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) راگەیاند کە گرێبەستێکی گەورەی بە بەهای 24.4 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای (رەیسیۆن) واژۆ کردووە بۆ خێراکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکی پێشکەوتووی (ئێس ئێم-6)؛ ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی واشنتندایە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە کۆگاکانی چەکدا دروستبووە بەهۆی بەکارهێنانی رێژەیەکی زۆری تەقەمەنی لە جەنگی دژی ئێراندا.
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم مووشەکانە "تەقەمەنییەکی یەکجار هەستیار و چارەنووسسازن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە ئاسمانییەکان و هێرشکردنە سەر ئامانجە رووکەشییەکان"، هەروەها روونیکردەوە کە ئەم رێککەوتننامەیە بۆ ماوەی پێنج ساڵە و دەتواندرێت بۆ دوو ساڵی دیکەش درێژ بکرێتەوە تاوەکو خێرایی بەرهەمهێنان زیاتر بکرێت.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گوتیشی، "ئەم گرێبەستە زەمینەیەکی روون و جێگیر بۆ پیشەسازیی بەرگری دەڕەخسێنێت تاوەکو بتوانێت هێزی کاری خۆی فراوانتر بکات و دڵنیایی بداتە زنجیرەی دابینکردنی کەرەستە سەرەکییەکان بۆ داهاتوویەکی درێژخایەن."
کەمیی یەدەگی مووشەک لە ئەمریکا
سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو ئێستا خۆی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان لەبارەی دابەزینی مەترسیداری یەدەگی تەقەمەنییەکانی ئەمریکا بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بەدوور گرتووە، بەڵام راپۆرتە فەرمییەکان وێنەیەکی دیکە پێشان دەدەن.
مانگی رابردوو، پشکنەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هۆشداری دا کە "بەکارهێنانی بڕێکی زۆری تەقەمەنی لە ئۆپەراسیۆنی (تووڕەییی داستانئاسا)، بووەتە هۆی کورتهێنانی ستراتیژی لە یەدەگی مووشەکدا و دەریخستووە کە بنکەی پیشەسازیی وڵاتەکە لە پڕکردنەوەی خێرای کۆگاکاندا لاوازە."
هاوکات نووسینگەی بودجەی کۆنگرێسیش لە راپۆرتێکی ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا جەختی لەوە کردبووەوە کە گورزی گەورە بەر یەدەگی مووشەکەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا کەوتووە و "بۆ ماوەی چەندین ساڵ، ئەمریکا بە یەدەگێکی کەمی مووشەکی بەرپەرچدەرەوەوە دەمێنێتەوە."
ئامادەکاری بۆ گەڕێکی نوێی جەنگ
کۆمپانیای (رەیسیۆن)ی دروستکەری چەک لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە کە مووشەکی (ئێس ئێم-6) بەسەرکەوتوویی لەسەر کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا و سەکۆ زەمینییەکانەوە تاقیکراوەتەوە" و وەک "چەکێکی سەلمێندراو لە گۆڕەپانی جەنگدا" ناویبرد، هاوکات بەڵێنی دا کە وەبەرهێنانی زیاتر دەکەن بۆ فراوانکردنی کارگەکانیان تاوەکو پێداویستییەکانی سوپا دابین بکەن.
ئەم گرێبەستە زەبەلاحە لە کاتێکدایە کە دوای زیاتر لە حەوت مانگ لە دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هێشتا ئێران کۆنترۆڵی تەنگەی ستراتیژیی هورمزی لەدەستدایە و لە بەرامبەریشدا واشنتن گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)، ترەمپ بە راوێژکارەکانی راگەیاندووە کە پێشبینی دەکات لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا دووبارە دەست بە بۆردوومانکردنی ئێران بکەنەوە؛ هەنگاوێک کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی وەڵامدانەوەی تاران و خەرجکردنی بڕێکی زۆر زیاتر لە تەقەمەنی و مووشەکەکانی سوپای ئەمریکا.



