رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە رایگەیاند کە حووسییەکان لەرێگەی درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر وێستگەیەکی کارەبا لە شاری مەدینە؛ ئەم رووداوەش سەرکۆنە و کاردانەوەی تووندی ژمارەیەک وڵاتی ئیسلامیی لێکەوتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیوا تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بەرەبەيانی رۆژی 29ـی ئەیلوول لە کاژێر 5:11 خولەکدا، درۆنێک وێستگەی دابەشکردنی کارەبای (تەیبە)ی لە مەدینە کردووەتە ئامانج.
مالیکی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لێکۆڵینەوەکان و ئەو بەڵگانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تایبەتمەندەوە لەسەر پاشماوەی درۆنەکە کۆکراونەتەوە، بە تەواوی سەلماندیان کە میلیشیا تیرۆریستەکانی حووسی تێوەگلاون لە پلاندانان و جێبەجێکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە."
ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی هێرشەکەوە بەشێکی وێستگەکە لەکارکەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی بە تۆڕی گشتیی کارەبای ناوچەکە نەگەیاندووە. گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە هۆشداری دا کە ئەو وێستگەیە کارەبای مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) دابین دەکات و هێرشەکەی بە "بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی ئەم میلیشیا تووندڕۆیە" بۆ بەئامانجگرتنی شوێنە پیرۆزەکان ناوبرد.
لە نێوەڕاستی مانگی رابردوو ریاز حووسییەکانی بە هێرشکردنە سەر مەککە تۆمەتبار کرد، بەڵام بەرپرسێکی باڵای حووسییەکان رۆژی پێنجشەممە دووبارە هەر جۆرە بەرپرسیارێتییەکی لە هێرشکردنە سەر شوێنە پیرۆزەکان رەتکردەوە.
کاردانەوەی تووندی تورکیا و سوودان
هێرشکردنە سەر شاری مەدینە کاردانەوەی خێرای بەدوای خۆیدا هێنا. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی، "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی حووسییەکان دەکەین بۆ سەر ژێرخانی سڤیل لە مەدینە. دەبێت دەستبەجێ و بێمەرج کۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بهێندرێت کە هەڕەشە لە سەروەری و ئاسایشی سعوودیە دەکەن و بەها پیرۆزەکانی جیهانی ئیسلامی دەکەنە ئامانج."
هاوکات سوودان پشتیوانی و هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ ئاسایشی سعوودیە و پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان دەربڕی و رایگەیاند، "ئەم هێرشە درێژەپێدەری زنجیرە هێرشەکانی میلیشیاکانی حووسییە بۆ سەر پیرۆزییە ئیسلامییەکان و بریندارکردنی هەستی موسڵمانان لە سەرانسەری جیهاندا."
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدان کە هەریەک لە تورکیا، پاکستان و سعوودیە لە مانگی ئابدا لە مەککە پەیماننامەیەکی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نە ئیسلاماباد و نە ئەنقەرە هیچ هەنگاوێکی کردارییان دژی هێرشەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر سعوودیە نەگرتووەتەبەر.


