رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی نیشانداوە بەشێک لە سزاکانی سەر تاران هەڵبگرێت، بەڵام بەو مەرجەی ئێران هەنگاوی کرداری بنێت بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای واشنتنەوە بڵاویکردەوە، لە کاتێکدا نێوەندگیرەکانی قەتەر و پاکستان هەوڵەکانیان بۆ رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران چڕکردووەتەوە، ناکۆکییەکی سەرەکی لەسەر ناوەڕۆکی دانوستاندنەکان هەیە؛ بە شێوەیەک تاران دەیەوێت گفتوگۆکان تەنیا لەسەر کردنەوەی تەنگەی هورمز و لابردنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی بێت، بەڵام کۆشکی سپی پێداگرە لەسەر ئەوەی بەبێ سازشکردنی ئێران لە دۆسیەی ئەتۆمی، هیچ رێککەوتنێک ناکرێت.
نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان ئەمڕۆ لە نیویۆرک لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازێکی نوێی قەتەر. بەرپرسێکی ئەمریکیی ئاگادار لە دانوستاندنەکان بە ئەکسیۆسی راگەیاند، دانیشتنەکان "ئەرێنی و بنیاتنەر" بوون و ئاماژە هەیە بەوەی تاران ئامادەیە نەرمی لە دۆسیەی ئەتۆمیدا بنوێنێت.
سەرەڕای ئەمەش، بەرپرسە ئەمریکییەکە گوتی: "هێشتا کەلێنی گەورە ماون؛ هیچ رێککەوتنێک نابێت تاوەکو پرسی ئەتۆمی بە تەواوی یەکلایی نەکرێتەوە. هەروەها هەردوولاش ناکۆکن لەسەر ئەوەی کام لایەن دەبێت هەنگاوی یەکەم بنێت."
بە گوتەی سەرچاوە ئەمریکییەکە، ئیدارەی ترەمپ بە وریایی و گومانەوە مامەڵە لەگەڵ تاران دەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە مانگی تەممووزدا ئێران بە تەقەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان، لێکتێگەیشتنی پێشووی تێکدا؛ بۆیە ئەمجارەیان واشنتن داوای گەرەنتیی پتەو دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە ئێران بە راستی دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی دەبێت و ئەم هەنگاوە تەنیا تاکتیکێک نییە بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە داراییە سەختەی تێیکەوتووە.



