رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی یۆنان ئەمڕۆ دووشەممە رایانگەیاند، 12 کۆچبەر لە کاتی پەڕینەوەیاندا بە دەریای ئیجە گیانیان لەدەستداوە، کە تەرمی شەشیان دوای پێکدادانی بەلەمەکەیان لەگەڵ کەشتییەکی پۆلیس دۆزراونەتەوە.
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ئاماژەی بەوە کرد، لە رووداوی پێکدادانەکەدا کە لە نزیک دوورگەی لێسبۆس روویداوە، شەش کەس گیانیان لەدەستداوە کە منداڵێکی ساوا و چوار ژن لەنێو قوربانییەکانن.
هەروەها پاسەوانی کەناراوەکان ئەوەشی خستەڕوو، شەش قوربانییەکەی دیکە لەنێو بەلەمێکی بچووکدا بوون کە لە نزیک دوورگەی سامۆس ژێرئاوکەوتووە.


