رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەهۆی باشبوونی دۆخی مرۆیی لە سووریا، فەرمانگەی کۆچ و پەنابەران (BAMF) لە مانگی حوزەیرانی ئە مساڵەوە "بە قۆناخ" دەستی کردووە بە هەڵوەشاندنەوەی مافی پەنادانی سووریاییەکان. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی دیکە پێش چەند رۆژێک بە رۆژنامەی "RND"ـیان گوتووە کە لە پاییزەوە ئەم پڕۆسەیە بە شێوەیەکی "فراوانتر" جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی کۆچبەران بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
رۆژی هەینی، 25ی ئەیلوولی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە وەڵامێکی تایبەتدا بۆ کەهی مەحموود، هەواڵسازی تۆڕی میدیایی رووداو، ئاماژەی بەوە کرد، فەرمانگەی کۆچ و پەنابەران بڕیار لەسەر مافی پەناخوازی دەدات. ئەو گوتی: "BAMF لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی 2026ـەوە دەستی کردووە بە هەڵوەشاندنەوەی مافی پەناخوازی بۆ ئەوانەی کە پێشتر بەهۆی دۆخی خراپی سووریاوە مافەکەیان پێدرابوو، ئێستا بەهۆی باشبوونی دۆخەکە پڕۆسەکە فراوانتر کراوە."
لە 21ی ئەیلوولدا، میدیای ئەڵمانیا، لە زاری بەرپرسانی باڵای پارتی یەکێتیی دیموکراتی کریستیانەکان (CDU) لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بڵاوی کردەوە، ئەلێکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، فەرمان دەداتە فەرمانگەی کۆچ تاوەکو بە "فراوانی" مافی پەناخوازی لە سووریاییەکان وەربگرێتەوە.
ئەلێکساندەر ترۆم، گوتەبێژی کاروباری ناوخۆی فراکسیۆنی CDU/CSU، لەمبارەیەوە میدیای ئەڵمانیای گوت، ئەوان هاوکاریی دارایی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە بۆ سووریا بۆ زیاتر لە 1,000 یۆرۆ بەرز دەکەنەوە، چونکە هاندانی خەڵک بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، بۆ حکومەت "هەرزانتر" دەکەوێت وەک لە پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوە.
ترۆم جەختی کردەوە: "پێویستە چاودێری و وەرگرتنەوەی مافی پەناخوازی بۆ ئەو گەنجانە دەستپێبکات کە تەنیا گەشت دەکەن و هاوکاریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن، واتە کار ناکەن و لەسەر حسابی دەوڵەت دەژین. بەڵام ئەو کەسانەی وەک پزیشک یان چاودێر کار دەکەن، دەرفەتی مانەوەیان دەبێت."
نزیکەی نیو ملیۆن سووریایی پاڵپشتیی سۆشیاڵ وەردەگرن
بەپێی ئامارەکانی BAMF، تاوەکو 31ی تەممووزی ئەم ساڵ، 912 هەزار و 386 هاووڵاتیی سووریا لە ئەڵمانیا دەژین، کە لەو ژمارەیە 14 هەزار و 579 کەسیان پەناخوازی رەتکراوەن و دەبێ ئەڵمانیا جێ بهێڵن.
راپۆرتــە فەرمییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە لە کۆی ئەو 900 هەزار کەسە، نزیکەی 450 هەزار کەسیان هاوکاریی سۆشیاڵ (کۆمەڵایەتی) لە دەوڵەت وەردەگرن.
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024دا، ئەڵمانیا پێدانی مافی پەناخوازیی بە سووریاییەکان راگرتبوو و ئێستا دۆخەکە چووەتە قۆناخــێکی نوێوە و چیدیکە دەرگاکان وەک پێشوو کراوە نین.



