رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی پێنجشەممە
متمانەی خۆی دەربڕی بەوەی ئەنقەرە دەگەڕێتەوە نێو بەرنامەی فڕۆکە جەنگییەکانی F-35ـی ئەمریکی و باسی لەوە کرد کە بۆ ئەو
مەبەستە چاوەڕوانی هەنگاوی "بەرجەستە" لە واشنتن دەکات.
سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەیدا
لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لە نێو
فڕۆکەکەیدا بە رۆژنامەڤانانی گوت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
"ئامادەییەکی ئەرێنیی پێشانداوە سەبارەت بە گەڕانەوەی تورکیا بۆ بەرنامەی F-35."
ئەردۆغان گوتیشی: "چاوەڕوانین ئەم ئامادەییە ئێستا بگۆڕدرێت بۆ هەنگاوی بەرجەستە. ئێمە بەردەوامین لە گفتوگۆکانمان لەسەر ئەم پرسە و متمانەم هەیە کە ئەنجام بەدەستدەهێنین."
تورکیا لە مێژە هەوڵدەدات ناکۆکیی درێژخایەنی فڕۆکەکانی F-35 لەگەڵ واشنتن چارەسەر بکات، هاوکات ئیدارەی ترەمپیش ئامادەیی پێشانداوە بۆ کۆتاییهێنان بەم ناکۆکییە.
لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە لە سەرەتای مانگی تەممووزدا، ترەمپ رایگەیاندبوو کە بیر لە رێگەدان بە گەڕانەوەی تورکیا بۆ نێو بەرنامەکە دەکاتەوە و گوتبووی: "ئەمە بڕیارێکە کە دەیدەین"، ئەمەش هیوای لای بەرپرسانی ئەنقەرە دروستکرد کە بابەتەکە بەم زووانە یەکلابکرێتەوە.
ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2017دا سەریهەڵدا، کاتێک ئەنقەرە سیستمی بەرگریی مووشەکیی S-400ـی لە رووسیا کڕی.
ئەم هەنگاوەی ئەنقەرە تووڕەیی واشنتنی لێکەوتەوە، کە بەهۆیەوە لە ساڵی 2019دا تورکیای لە بەرنامەی دروستکردنی فڕۆکەی F-35 وەدەرنا و دواتر لە ساڵی 2020یشدا سزای زیاتری بەسەر پیشەسازیی سەربازیی ئەو وڵاتەدا سەپاند، کە بووە هۆی پەککەوتنی چەندین پڕۆژەی بەرگریی تورکیا و گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

