رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد، بەهۆی ناکۆکیی قووڵی نێوان زلهێزەکان و رەتکردنەوەی هەر چوارچێوەیەکی چاودێریی نێودەوڵەتی لەلایەن ئەمریکاوە، بەبێ گەیشتن بە هیچ بڕیارێک کۆتایی هات.
کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی هەڕەشەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان بەڕێوەچوو؛ تێیدا پڕۆفیسۆر یۆشوا بێنجیۆ، سەرۆکی پانێڵی پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا کە مەترسییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە لەسەر مرۆڤایەتی "راستەقینە و نزیکن".
پڕۆفیسۆر یۆشوا بێنجیۆ رەخنەی لە کێبڕکێی کۆمپانیا زەبەلاحەکان گرت و گوتی: "پێشبڕکێی کۆمپانیاکان یاسای سروشت نییە بەڵکو بژاردەی خۆیانە و ئەگەر رێگری لێنەکرێت، هەموو مرۆڤایەتی تێیدا دەدۆڕێت."
سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی وەک (ئۆپن ئەى ئاى) و (ئەنترۆپیک) ئامادەی دانیشتنەکە بوون و دانیان بە قەبارەی مەترسییەکاندا نا، بەڵام هیچ پێشنیازێکی کردەییان بۆ سنووردارکردنی گەشەی سیستمەکان نەخستەڕوو.
گەورەترین بەربەستی بەردەم دەرکردنی بڕیار لە هەڵوێستی واشنتنەوە سەرچاوەی گرت؛ کاتێک مایکڵ کراتسیۆس، نوێنەری ئیدارەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، پێشکەوتنی ژیریی دەستکرد "نابێتە هۆکارێک بۆ راگرتن یان پەکخستنی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیاکە لەلایەن ئەمریکاوە."
لە بەرامبەردا، فوو کۆنگ، باڵیۆزی هەمیشەیی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، واشنتنی بە هەوڵدان بۆ "قۆرخکاریی دیجیتاڵی" تۆمەتبار کرد و هۆشداری دا لەوەی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر فرۆشتنی چیپە ئەلیکترۆنییەکاندا، جیهان بەرەو دابەشبوونێکی تەکنەلۆژیی مەترسیدار دەبات و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە.
چاودێران پێیانوایە ململانێی جیۆپۆلەتیکی لە نێوان ئەمریکا و چین، ئەنجوومەنی ئاسایشی لەم دۆسیەیەشدا تووشی ئیفلیجی کردووە؛ بەو پێیەی هەردوو زلهێز ژیریی دەستکرد وەک چەکی سەرەکیی باڵادەستیی سەربازی و ئابووریی داهاتووی خۆیان دەبینن و هیچ کامێکیان ئامادە نین لە ترسی پێشکەوتنی رکابەرەکەیان، مل بۆ چاودێری و سنووردارکردنی نێودەوڵەتی بدەن.

