رووداو دیجیتاڵ
رەخنەگرتن لەپێکهاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بێدەسەڵاتییەکەی لەبەرامبەر دەسەڵاتی رەهای پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، بووەتە دیارترین هاوبەشی نێو گوتاری سەرکردەکانی جیهان. هەڵگیرسانی زنجیرەیەک جەنگ، بۆردوومان و قەیرانی بێوێنە لەماوەی ئەمساڵ دا، هۆکاری سەرەکین لەوەی وڵاتانی جیهان پێداگری لەسەر کۆتاییهێنان بەقۆرخکاریی ئەمریکا، رووسیا، چین، بەریتانیا و فەرەنسا بکەن.
لەنێو 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دا، جڵەوی بڕیاردانی سیاسی و سەربازی بەتەواوی لەلایەن ئەم پێنج ئەندامە هەمیشەییەوە پاوان کراوە لەرێگەی مافی ڤیتۆوە؛ بەجۆرێک هەر یەکێکیان دەتوانێت رێگری لەهەر بڕیار، سەرکۆنەکردن یان لێپێچینەوەیەکی نێودەوڵەتی دژ بەسەرپێچییەکانی خۆی بکات. لەبەرامبەر دا، وڵاتانی خاوەن قورسایی ئابووری و دانیشتووانی گەورەی وەک هیندستان، بەرازیل، تورکیا و نایجیریا لەگوتارەکانیان دا رەخنەی تووند لەو دابەشکارییە کۆنە دەگرن.
بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەندام لەگوتارەکانیان دا ئاماژەیان بەوە کردووە، رەفتاری ئەم زلهێزانە بووەتە هۆی پێشێلکردنی پەیماننامەی بنەڕەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بەکارهێنانی هێز و پەلاماردانی سەروەریی وڵاتانی ئەندام قەدەخە دەکات؛ لەوانەش بۆردوومانکردنی ئەمساڵی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، دەستگیرکردنی سەربازییانەی سەرۆکی ڤەنزوێلا و جەنگی بەردەوامی رووسیا لەئۆکراینا لە 2022ـەوە. ئەم کردەوانە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەک سەپاندنی بنەمای "هێز هەموو شتێکە" و دەربازبوون لەلێپرسینەوە وەسف دەکرێن لەلایەن ئەو وڵاتانەی خۆیان بەپارێزەری ئاشتیی جیهانی پێناسە دەکرد.
ئەردۆغان: جیهان لەپێنج گەورەترە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەسەکۆی کۆمەڵەی گشتییەوە داوای چاکسازیی بنەڕەتی کرد و گوتی: "با هەمووان دان بەوە دا بنێین کە سیستمێک ئیرادەی زیاتر لە 190 وڵات دەبەستێتەوە بەئارەزووی تەنیا پێنج وڵات، نە دادپەروەرانەیە و نە دەتوانێت متمانەش دروست بکات. ئەنجوومەنی ئاسایش دەبێت بەتەواوی لەسەر بنەمای ئەوەی کە 'جیهان لەپێنج گەورەترە' چاکسازیی تێدا بکرێت."
لوولا: هەموومان بارمتەی بێدەنگیی ئەنجوومەنی ئاسایشین
لویس ئیناسیۆ لوولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل گوتی کە لاوازیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەچارەسەرکردنی زۆرترین ژمارەی ململانێی چەکداری لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، هۆکاری سەرەکیی داڕمانی متمانەی رێکخراوەکەیە و رایگەیاند: "ئێمە هەموومان بووینەتە بارمتەی دەستەوەستان و ناکارایی ئەنجوومەنی ئاسایش لەجێبەجێکردنی ئەرکەکانی دا."
سەرۆکی بەرازیل کە پێشتریش پێنج دەوڵەتە هەمیشەییەکەی بە "ئاغاکانی جەنگ" وەسف کردبوو، دووپاتی کردەوە کە کاتی کۆتاییهێنانە بەم پەراوێزخستنەی ئەمریکای لاتین و ئەفریقا.
هۆشدارییەکانی گۆتێرێس لەنێو کێبڕکێی جێگرەوەکەی دا
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهەمانشێوە هۆشداری دا کە ئەم پێنج وڵاتە تەواوی دامەزراوەکەیان ئیفلیج کردووە و بەبێ بوونی نوێنەرایەتیی ئەفریقا و ئەمریکای لاتین، ئەنجوومەنەکە شەرعییەتی کەمە. گۆتێرێس روونیکردەوە، جیهان پێویستی بەدامەزراوەیەکە کە "رەنگدانەوەی کێشی راستەقینەی ئابووری و مرۆیی ئەمڕۆ بێت، نەک دابەشکاریی دەسەڵاتی 80 ساڵ لەمەوبەر."
نەبوونی نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە کاریگەریی قورسی لەسەر دارایی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داناوە؛ وڵاتە ئابوورییە گەورەکان بەهۆی بێهیوابوونیان لەوەی دەنگیان نابیسترێت، ئامادە نین لەوادەی خۆی دا پشکی دارایی خۆیان بدەن، تەنانەت لەنێو پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەش دا، ئەمساڵ تەنیا بەریتانیا بەشە بودجەکەی لەوادەی دیاریکراو دا داوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەم دابەشبوونە قووڵە ئاڵۆزییەکی گەورەی لەکێبڕکێی دیاریکردنی جێگرەوەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس دروستکردووە. رێبیکا گرینسپان مایۆفیس، جێگری پێشووی سەرۆکی کۆستاریکا، توانیویەتی دوو دەنگدانی نهێنی لەکۆی سێ دەنگدان بەرێتەوە، بەڵام هیچ دڵنیاییەک لەسەر پشتیوانیی پێنج وڵاتەکە نییە؛ بەوپێیەی بەکارهێنانی تەنیا یەک مافی ڤیتۆ لەلایەن هەر یەکێک لەم پێنج وڵاتەوە دەتوانێت پرۆسەی هەڵبژاردنی تەواوی 190 وڵاتەکەی دیکە هەڵوەشێنێتەوە.
هەڵوێستی زلهێزەکان لەبەرامبەر شەپۆلی رەخنەکان
سەرەڕای ئەوەی رەخنەگرتن لەپێکهاتەی ئەنجوومەنی ئاسایش بووەتە دەنگی زۆرینەی رەهای کۆبوونەوەکانی ئەمساڵ، پێنج وڵاتە هەمیشەییەکە هیچ ئامادەییەکیان بۆ کەمکردنەوە یان دەستبەرداربوون لەدەسەڵاتەکانیان نیشان نەداوە. لەپرسە جیهانییەکان دا بەهەمان شێوازی پێشبینیکراوی مۆسکۆ و پەکین لەلایەک و واشنتن، لەندەن و پاریس لەلایەکی دیکە، مامەڵە دەکەن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەگوتارەکەی دا تیشکی خستە سەر رەهەندێکی نوێی پاوانکاری و هۆشداریی دا لەوەی ژیریی دەستکرد لەلایەن تەنیا دوو زلهێزەوە (ئەمریکا و چین) قۆرخ بکرێت و گوتی: "هەندێک کەس هەن دەیانەوێت باوەڕمان پێبهێنن کە تەنیا دوو زلهێز مافی ئەوەیان هەیە بڕیار لەسەر داهاتووی جیهان بدەن."
لەبەرامبەر دا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگوتارەکەی دا بێ گوێدانە رەخنە نێودەوڵەتییەکان، بەرگری لەهەڵوێستی وڵاتەکەی کرد و شەڕی لەدژی ئێرانی بەهەنگاوێکی حەتمی و پێویست پێناسە کرد بۆ رێگری لەبەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە.
سیستمی ئێستای ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی 1945 لەسەر بنەمای رێککەوتنی وڵاتانی براوەی جەنگی دووەمی جیهانی لەکۆنفرانسی سان فرانسیسکۆ بنیات نرا. ئامانجی سەرەکی لەبەخشینی مافی ڤیتۆ بەم پێنج وڵاتە، رێگریکردن بوو لەهەڵگیرسانی جەنگێکی راستەوخۆی ئەتۆمی لەنێوانیان دا.
بنبەستی سەرەکی لەبەردەم هەر چاکسازییەک دا لەماددەی 108ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دا قەتیس ماوە. بەپێی ئەم ماددەیە، هەر هەموارکردن یان گۆڕانکارییەک لەدەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش یان لێسەندنەوەی مافی ڤیتۆ، پێویستی بەرەزامەندیی پێنج ئەندامە هەمیشەییەکە هەیە؛ ئەمەش وادەکات مافی ڤیتۆ خۆی ببێتە قەڵخانێکی یاسایی کە رێگری لەهەر چاکسازییەکی راستەقینە بکات، تەنانەت ئەگەر سەرجەم وڵاتانی دیکەی جیهانیش لەدژی بوەستنەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
