رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رۆژی سێشەممە بە سەرۆکایەتیی شاندی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی گەیشتە شاری نیویۆرک، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی سەرکردەکانی جیهان لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
عێراقچی دەبێتە باڵاترین بەرپرسی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێ بخاتە نێو خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەوەتەی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە مانگی شوباتی رابردوودا بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەڵگیرساوە.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە عێراقچی راستەوخۆ دوای گەیشتنی بە نیویۆرک، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و بیروڕایان لەبارەی کارنامەی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی ئاڵۆگۆڕ کردووە.
عێراقچی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانانی ئێرانی لە نیویۆرک گوتی: "گرنگترین ئامانجی ئێمە ئەوەیە ئەم سەکۆیە نێودەوڵەتییە گەورەیە بەکاربهێنین بۆ داکۆکیکردن لە شەرعییەت، ماف و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران."
رەتکردنەوەی ڤیزەی تیمەکەی سەرۆککۆماری ئێران
پێشتر میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردبووەوە کە بڕیار بوو مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەرۆکایەتیی شاندەکە بکات، بەڵام ئەمریکا ڤیزەی نەدا بە بەشێک لە ئەندامانی شاندەکەی پزیشکیان، لەنێویاندا تیمی پەیوەندییەکان و راگەیاندنەکەی.
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە کاتی گەیشتنی عێراقچی بۆ نیویۆرک، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەزیری دەرەوەی وەک "سەرۆکی شاندی دیپلۆماسی" لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ناساند. بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراقچی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا "چەندین کۆبوونەوە و گفتووگۆ لەگەڵ بەرپرسان و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشداربوو دەکات."
کۆتوبەندەکانی واشنتن و کڕینی کەلوپەل
لە کاتێکدا واشنتن رێگەی بە گەشتی شاندەکەی ئێران داوە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام هاوشێوەی ساڵی رابردوو، کۆمەڵێک کۆتوبەندی تووندی بەسەریاندا سەپاندوون. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، رێگە بە ئەندامانی شاندی ئێران نادرێت لە کاتی مانەوەیان لە شاری نیویۆرک کەلوپەل بکڕن.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی رۆژی یەکشەممە تارانـی بەجێهێشت و بەرلەوەی بگاتە نیویۆرک، سەردانی دەوحەی پایتەختی قەتەری کرد.
ئێران رایگەیاندووە کە لە رێگەی قەتەرەوە وەک نێوەندگیر، مەرجەکانی خۆی بە ئەمریکا گەیاندووە بۆ کردنەوەی تەنگەی ستراتیژیی هورمز کە شاڕێی سەرەکیی گواستنەوەی نەوت و گازی جیهانە و لەوەتەی جەنگ دەستیپێکردووە بە تەواوی پەکی خستووە؛ لە بەرامبەریشدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.



