رووداو دیجیتاڵ
میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کە ئەمریکا رەتیکردووەتەوە ڤیزە بداتە ژمارەیەک لە ئەندامانی شاندی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لەوانەش تیمی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک.
مەسعوود پزیشکیان بەرزترین بەرپرسی فەرمیی ئێران دەبێت، کە دەچێتە ناو ئەمریکا لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان تاران و واشنتن لە مانگی شوباتی ئەمساڵ.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران (ئیرنا) لەو بارەیەوە بڵاویکردەوە، "دۆناڵد ترەمپ ڤیزەی ئەمریکای بە بەشێک لە ئەندامانی شاندە باڵاکەی سەرۆککۆمار نەداوە، بەتایبەت تیمی راگەیاندنی سەرۆک."
هاوکات ئاژانسی مێهر لە زاری گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێرانەوە پشتڕاستیکردەوە، کە سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانە، بڕیارە رۆژی چوارشەممە مەسعوود پزیشکیان گوتاری وڵاتەکەی لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکێش بکات.
"ترەمپ دەیەوێت راستییەکان بشارێتەوە"
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیدارەی ترەمپی تۆمەتبار کرد، بەوەی "مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان پێشێل دەکات"، ئەوەش دوای ئەوەی کۆشکی سپی رێگری لە سێ دەزگای میدیایی سەرەکیی ئەمریکاش کردبوو لە رووماڵکردنی کارەکانی سەرۆکایەتی.
بەقایی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "کاتێک ئیدارەیەک دەرگاکانی خۆی دادەخات؛ تەنانەت بەڕووی ئەو رۆژنامەڤانە ئەمریکییانەشدا، کە لە کارەکانیان ناڕازییە و رێگری لە پەیامنێرانی بیانی دەکات لەوانەش تیمی راگەیاندنی سەرۆککۆماری ئێران تا بێدەنگیان بکات، ئەمە بەڕێوەبردنی میدیا نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ شاردنەوەی راستییەکان."
سنووردارکردنی شاندەکەی ئێران
ئەمریکا وەک وڵاتی میوانداری بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، رێگەی بە گەشتی بەشێک لە شاندەکەی ئێران داوە، بەڵام هاوشێوەی ساڵانی رابردوو کۆمەڵێک رێکاری تووندی بەسەردا سەپاندوون. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە ئەندامانی شاندی ئێران رێگەیان پێ نادرێت کەلوپەل و کاڵای گرانبەها لە ئەمریکا بکڕن.
هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران وەک ئەندامی شاندەکە رۆژی یەکشەممە بەرەو دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێکەوت پێش ئەوەی بەرەو نیویۆرک بچێت. تاران ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە رێگەی قەتەرەوە وەک نێوەندگیر، مەرجەکانی خۆی بۆ کردنەوەی تەنگەی ستراتیژیی هورمز گەیاندووەتە واشنتن؛ کە بەهۆی جەنگەوە لەلایەن ئێرانەوە هاتووچۆی نەوتی تێدا پەکخراوە و لە بەرامبەریشدا ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.



