رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی دووشەممە هۆشداریی دا کە ئەگەر ئەمریکا شەڕەکە قووڵتر بکاتەوە، ئەوا ئێران "جوگرافیای جەنگەکە دەگۆڕێت" و چەکی نوێ بەکاردەهێنێت.
حوسێن موحیببی، گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، "شەڕ هێشتا کۆتایی نەهاتووە" و هۆشداریی دا ئەگەر ململانێکان گەورەتر ببن، ئێران جۆری چەکەکان، تەکتیکی سەربازی و شوێنی ئامانجەکانیشی دەگۆڕێت.
موحیببی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بە دڵنیاییەوە جوگرافیای جەنگەکە دەگۆڕین و چەکی نوێ بە توانای نوێوە دەهێنینە نێو بەرەکانی شەڕ."
گوتەبێژی سوپای پاسداران باسی لەوەش کرد کە خۆیان بۆ شەڕێکی درێژخایەن ئامادە کردووە و گوتی: "ئامانجەکانمان لەمەودوا مەرج نییە وەک پێشتر بن؛ چەندین ئامانجی نوێمان لەبەردەستدایە کە تاوەکو ئێستا لێمان نەداون."
ئەم جەنگە زیاتر لە شەش مانگە بەردەوامە؛ لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، و تاوەکو ئێستاش هیچ رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز یان راگرتنی شەڕ نەکراوە.



