رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، لە تەنگەی هورمز، دوو کەشتیی گوێزەرەوەی نەوت و گازی شل بەهۆی بەرکەوتنی "تەنێکی نەناسراو" زیانیان پێگەیشتووە.
لە یەکەم رووداودا کە لە لایەن دەستە بەریتانییەکەوە راگەیێندرا، کەشتییەکی گوێزەرەوەی نەوت لە کاتی چوونەژوورەوەیدا بۆ نێو تەنگەی هورمز بە تەنێکی نەناسراو پێکراوە، بەهۆیەوە دوو ئەندامی تیمی کەشتییەکە بریندار بوون، بەڵام کەشتییەکە بەبێ کێشەی تەکنیکی توانیویەتی بەردەوامی بە گەشتەکەی بدات.
هاوکات کۆمپانیای (ڤانگارد تێک)ـی بەریتانی بۆ ئاسایشی دەریایی رایگەیاند، کەشتییەکە ناوی (ئێڵ ئەی ستێفانی)یە و بە ئاڵای بەریتانیاوە بەرەو کەنداو رۆیشتووە، پێش ئەوەی لە رێگەی درۆنێکەوە بکرێتە ئامانج.
هەر لە هەمان رۆژدا، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رووداوێکی دیکەی لە هەمان رێڕەوی ئاویدا راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، کەشتییەکی گواستنەوەی گازی شل پێکراوە، بەڵام لەو رووداوەدا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە و کەشتییەکەش بەردەوام بووە لە گەشتەکەی.
لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، تەنگەی ستراتیژیی هورمز بووەتە گۆڕەپانی پێکدادانی سەربازی و چەندین کەشتی و گوێزەرەوەی نەوتی بازرگانی کراونەتە ئامانج.
تاران هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی ئەو رێڕەوە ئاوییە گرنگەی وزەی جیهان بکات تاوەکو وەک کارتی گوشار لە بەرامبەر واشنتن بەکاریبهێنێت، هاوکات ئەمریکاش گەمارۆی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە و هەردوو لا هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییانەی پابەندی رێکارە دیاریکراوەکانیان نابن.



