رووداو دیجیتاڵ
لە 18 تاوەکو 20ـی ئەیلوولی 2026، رووسیا هەڵبژاردنی نۆیەمی خولی پەرلەمان (دووما) بەڕێوەدەبات؛ ئەمەش یەکەمین هەڵبژاردنی یاسادانانە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022ـەوە. دەنگدان لە کاتێکدایە، جەنگ پێی ناوەتە پێنجەمین ساڵەوە، ئۆپۆزیسیۆنی راستەقینە پەراوێز خراوە و سەکۆی رکابەرییەکە تەنیا بۆ ئەو لایەنانە کراوەیە کە پاڵپشتی لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەکەن.
دەنگدان بە درێژایی سێ رۆژ (18، 19 و 20ـی ئەیلوولی 2026) دەکرێت و ئێوارەی یەکشەممە سندووقەکان دادەخرێن. 450 کورسیی ئەنجوومەنی دووما دابەشکراون، بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە هەر پارتێک پێویستی بە 226 کورسییە.
سیستمی هەڵبژاردن (تێکەڵاو):
225 کورسی: بەپێی لیستی پارتەکان یەکلا دەکرێنەوە، بە بەربەستی 5٪ بۆ سەرکەوتنی پارتەکان دیاریکراوە.
225 کورسی: لە بازنەی تاکەکەسیدا و لەسەر ئاستی ناوچەکان بە زۆرینەی دەنگ یەکلادەکرێنەوە.
تێچووی پرۆسەکە: بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، نزیکەی 325 ملیۆن دۆلار بۆ پرۆسەکە تەرخانکراوە کە زیاتر لە 278 ملیۆن دۆلار بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانە.
دەنگدانی ئەلیکترۆنی: لە 33 ناوچە سیستمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی کارایە، کە نزیکەی 48 ملیۆن دەنگدەر دەگرێتەوە.
پارتە بەشدارەکان و بەربژێرە دیارەکان
دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ رێگەیان تەنیا بەو پارتانە داوە بەشداری بکەن کە رەزامەندیی کرێملینیان هەیە و پاڵپشتی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئۆکراینا دەکەن:
پارتی رووسیای یەکگرتوو: پارتی دەسەڵاتدارە بە سەرۆکایەتیی دیمیتری مێدڤێدێڤ. لە هەڵبژاردنی 2021ـدا 324 کورسیی بەدەستهێنابوو. هەرچەندە مێدڤێدێڤ خۆی لە لیستەکەدا نییە، بەڵام سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ لە پێشەنگی لیستەکەن.
پارتی کۆمۆنیستی فیدراسیۆنی رووسیا: بە سەرۆکایەتیی گینادی زیوگانۆڤ (57 کورسی لە خولی پێشوو).
پارتی لیبراڵ دیموکراتی رووسیا: بە سەرۆکایەتیی لیۆنید سلوتسکی، کە پارتێکی ناسیۆنالیستی تووندڕۆیە (22 کورسی لە خولی پێشوو).
رووسیای دادپەروەر: بە سەرۆکایەتیی سێرگی میرۆنۆڤ، کە چەندین کەسایەتیی نوێ لەنێویاندا سێرهی ئاربوزۆڤ، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئۆکراینا لەسەر لیستەکەی بەربژێرە.
خەڵکی نوێ: بە سەرۆکایەتیی ئەلێکسی نیچایێڤ (13 کورسی لە خولی پێشوو).
سڕکردنی ئۆپۆزیسیۆن
پارتی لیبراڵی دژە جەنگ (یابلۆکۆ) بە بڕیاری دادگەی باڵای رووسیا لە بەشداریکردن بە لیستی پارت بێبەش کرا و چەندین سەرکردە و بەربژێری ئەو پارتەش زیندانی کراون یان وەک "بریکاری بیانی" پۆلێن کراون بەهۆی دژایەتیکردنی جەنگ.
جەنگی ئۆکراینا؛ تەنگژە و کاریگەرییەکان لەسەر هەڵبژاردن
جەنگی ئۆکراینا سێبەری تەواوی بەسەر هەڵبژاردنەکەدا کێشاوە و چەندین ئاڵۆزیی سەربازی و دیپلۆماسیی لێکەوتووەتەوە:
دەنگدان لە ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکان: رووسیا بە فەرمی بازنەی هەڵبژاردنی لە چوار ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکەی ئۆکراینا (دۆنێتسک، لوهانسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن) دروستکردووە، لەگەڵ کردنەوەی بنکەی دەنگدان لە هەرێمی جوداخواز و دابڕاوی ترانسنیستریا لە مۆڵدۆڤا؛ ئەمەش ناڕەزایەتی و سەرکۆنەی تووندی یەکێتیی ئەورووپا، کیێڤ، مۆڵدۆڤا و رۆمانیای بەدوای خۆیدا هێناوە و دەنگدانەکەیان بە نایاسایی و پووچەڵ وەسفکردووە.
هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر ناوەندەکانی دەنگدان: رۆژی هەینی لە زاپۆریژیا کارمەندێکی کۆمیسیۆن بەهۆی هێرشی درۆنەوە کوژرا؛ لە پارێزگەی لوهانسک بەهۆی بۆردوومانکردنی ژێرخانی وزە کارەبای 14 بنکەی دەنگدان بڕا. لە ناوچەکانی ناوخۆی رووسیاش، بەهۆی هێرشی درۆنەکانەوە لە کراسنۆدار بنکەیەکی دەنگدان گوازرایەوە و لە شاری سووچیش پرۆسەی دەنگدان بۆ ماوەیەک راگیرا بەهۆی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی.
ترسی خەڵک لە شەپۆلی نوێی سەربازی: لە کاتێکدا پووتین پەیامی ئۆنلاینی بۆ دەنگدان بڵاوکردووەتەوە و هەڵبژاردنەکە وەک هێمایەک بۆ پاڵپشتی لە سوپا پێناسە دەکات، بەشێک لە هاووڵاتییان لە شەقامەکانی مۆسکۆ و ناوچەکانی دیکە نیگەرانن لەوەی دوای تەواوبوونی ئەم هەڵبژاردنە، کرێملین بڕیار لەسەر شەپۆلێکی نوێی کۆکردنەوەی زۆرەملێی هێز بدات بۆ بەرەکانی پێشەوەی جەنگ هاوشێوەی پایزی 2022.


