رووداو دیجیتاڵ
هێزە چەکدارەکانی ئێران رایانگەیاند، چوار کەشتیی گوێزەرەوەی نەوت لە کاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا مینی دەریاییان پێدا تەقیوەتەوە و ئاگریان گرتووە. ئەم راگەیێندراوە تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە سوپای ئەمریکا رایگەیاندبوو رێڕەوە سەرەکییەکانی ئەو تەنگەیە لە مین پاککراونەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، سێ کەشتیی گوێزەرەوەی نەوتی سەرپێچیکار لە کاتی هەوڵدانیان بۆ تێپەڕین بە رێڕەوی باشووری تەنگەی هورمز کە رێگەپێنەدراوە، مینیان پێدا تەقیوەتەوە و ئاگریان گرتووە."
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە ئەو سێ کەشتییە سیستمەکانی رادار و شوێنپێهەڵگرتنیان کوژاندبووەوە و هۆشدارییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانیان پشتگوێ خستبوو.
دواتر، سوپای ئێرانیش ئاشکرای کرد کە کەشتییەکی دیکەی گوێزەرەوەی نەوت لە رۆژهەڵاتی تەنگەکە و دوای چوونە نێو "ناوچەیەکی قەدەخەکراو و مەترسیدار"، بەر مین کەوتووە و گڕی گرتووە. تاوەکو ئێستا روون نییە ئەو کەشتییانە ئاڵای چ وڵاتێکیان هەڵکردووە.
هاوکات دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، راپۆرتێکی پێگەیشتووە سەبارەت بە کەوتنەوەی ئاگر لە کەشتییەک لە دووریی 25 میل لە باکووری رۆژهەڵاتی ناوچەی خەسەب لە عومان. پێشتریش دەستەکە باسی لە ژێر ئاو کەوتنی بەلەمێک و پێکرانی کەشتییەکی دیکە بە کەرەستەیەکی نەزانراو لە تەنگەکە کردبوو.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) چەند جارێک دووپاتیکردبووەوە کە سەرجەم مینە دەریاییەکانی نێو رێڕەوە سەرەکییەکانی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز پووچەڵکراونەتەوە.
لە بەرامبەردا، حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی ئەمریکای دایەوە و نووسی، "بانگەشەی پاککردنەوەی تەنگەی هورمز لە مین بە بەڵگەی سەربەخۆ بسەلمێنن، نەک تەنیا بە راگەیێندراو!"
سوپای پاسداران هۆشداریشی دا بە خاوەنی کەشتییەکان و کۆمپانیاکانی کەشتیوانی کە بە رێڕەوی باشووری تەنگەکەدا تێنەپەڕن بەوپێیەی مینڕێژکراوە و "باوەڕ بە وەهمەکانی سێنتکۆم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەکەن."



