رووداو دیجیتاڵ
بانکی جی پی مۆرگان، گەورەترین بانکی بازرگانیی ئەمریکا دەڵێت، بەهۆی درێژەکێشانی جەنگی ئێران و ناڕوونیی ئەنجامەکەی، دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ پێشبینیکردن بۆ نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان دەبێت.
رۆژی هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026، بانکەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، یەکەمجارە لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ئێرانەوە هیچ بنەمایەکی دیاریکراویان بۆ پێشبینییەکان نییە.
پێشتر جی پی مۆرگان پێشبینیی دەکرد، بەزاندنی هەندێک هێڵی سووری ئابووری، دۆناڵد ترەمپ ناچار دەکات رێککەوتن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بکات، لەوانە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو 100 دۆلار، گەیشتنی نرخی بەنزین بۆ نزیکەی پێنج دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێک و بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەروو 5٪.
بانکە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر جەنگەکەدا، زۆربەی ئەو هێڵە سوورانە بەزێندراون. ئێستا نرخی نەوتی خاو لە سەروو 100 دۆلارە، نرخی بەنزین لە زۆر شاری ئەمریکا پێنج دۆلاری تێپەڕاندووە بۆ هەر گاڵۆنێک (3.8 لیتر)، سوودی قەواڵە 10 ساڵییەکان گەیشتووەتە سەروو 5٪ و نرخی دیزڵیش بۆ ژمارەیەکی پێوانەیی و سەروو 6 دۆلار بەرزبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ستراتیژیی کشانەوە و دەرچوون لە جەنگەکە روون نییە.
سەرەڕای ئەوەی لە مانگی حوزەیراندا واشنتن و تاران یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز واژۆکرد، بەڵام رێککەوتنەکە زوو هەرەسی هێنا و شەڕ دەستیپێکردەوە.
جی پی مۆرگان دەڵێت، هیچ ئاماژەیەک لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە نابینرێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و کردنەوەی تەنگەی هورمز، کە پێش جەنگ 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی. بەگوێرەی بانکەکە، بەردەوامیی هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر پاڵاوگەکانی رووسیاش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
لەکاتێکدا بەپێی خەمڵاندنەکانی بانکەکە نرخی دادپەروەرانە بۆ بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت نزیکەی 90 دۆلارە، بەڵام ئێستا لە دەوروبەری 105 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئاراستەی داهاتووی نرخەکانیش بەتەواوی نادیارە.
رۆژی 28ـی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامی دانەوە.
لە 2ـی ئادارەوە ئێران تەنگەکەی بەرووی کەشتییەکاندا داخست. بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی دەریایی، پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەو تەنگەیەدا هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا، لەوکاتەوە بەتێکڕا کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ هەر رۆژێک هەناردەکراوە.



