رووداو دجیتاڵ
دادوەرێکی فیدراڵیی ئەمریکا رێگەی نەدا وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە دەنگی زیاتر لە 20 هەزار دەنگدەر لە ویلایەتی کالیفۆرنیا رەت بکاتەوە. وەزارەتەکە دەیگوت، رەنگە ئەو کەسانە هاووڵاتیی ئەمریکی نەبن، بەڵام دادوەرەکە ئەم کارەی بە "دەستوەردانێکی بێشەرمانە" لە هەڵبژاردنەکان ناوبرد و رەتیکردەوە.
ئەم کێشەیە تەنیا چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس – کە لە 3ـی تشرینی دووەم دەکرێت – روویداوە. لەم هەڵبژاردنەدا، مەترسی لەسەر پارتی کۆماری هەیە کە کۆنترۆڵی کۆنگرێس لەدەستبدات. ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپیش وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ دروستکردنی گومان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
پێشتر دیموکراتەکان سکاڵایان لەسەر ئیدارەی ترەمپ تۆمارکردبوو و کۆمارییەکانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە پێش هەڵبژاردنەکان "هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە" بەرامبەر بەرپرسی ویلایەتەکان بەکاردەهێنن.
دادوەرەکە چی دەڵێت؟
دەیڤد کارتەر، دادوەری فیدراڵی، لە بەرژەوەندیی حکومەتی خۆجێیی کالیفۆرنیا – کە دیموکراتەکان بەڕێوەی دەبەن – بڕیاری دا و رەتیکردەوە دەنگی ئەو 20 هەزار کەسە بفەوتێت.
دادوەرەکە لە بڕیارەکەیدا نووسیویەتی: "لەمێژووی ئەمریکادا هەرگیز شتی وا نەبووە لە شەوی هەڵبژاردنەکاندا حکومەتی فیدراڵی بیەوێت بە زۆر حکومەتێکی خۆجێیی ناچار بکات واز لە رێکارە دەستوورییەکانی هەڵبژاردن بهێنێت و مل بۆ ویستی دەسەڵاتی جێبەجێکار کەچ بکات."
هەروەها گوتیشی: "مافە دەستوورییەکان و دیموکراسییەکەمان لە مەترسیدان. نابێت مافی دەنگدان لەو کەسانە بسەندرێتەوە تەنیا لەبەرئەوەی چەند تۆمەتێکی بێبنەمایان ئاراستە کراوە کە پڕن لە هەڵە و نادڵنیایی."
چیرۆکەکە چۆن دەستیپێکرد؟
لە چەند مانگی رابردوودا، حکومەتی فیدراڵی، کالیفۆرنیای تۆمەتبار کرد بەوەی کە 190 هەزار "دەنگدەری نایاسایی" تۆمارکردووە. بەڵام لەم دواییانەدا ئەو ژمارەیەی کەمکردەوە بۆ 20 هەزار کەس. نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەریش، دوای ئەوەی دەنگدانی پێشوەختە دەستیپێکرد، وەزارەتی داد بەپەلە سکاڵای تۆمارکرد بۆ ئەوەی رێگری بکات لەوەی کارتی دەنگدان بۆ ئەو 20 هەزار کەسە بنێردرێت.
هەمان سیناریۆ لە نیڤادا
کێشەیەکی هاوشێوە لە ویلایەتی نیڤاداش دروستبوو. سەرەتا ئیدارەی ترەمپ دەیگوت 16 هەزار کەس لەوێ ناویان تۆمارکراوە، کە هاووڵاتیی ئەمریکی نین، بەڵام دوای بەدواداچوون دەرکەوت ژمارەکە تەنیا 185 کەسە، دواتریش دەرکەوت کە "هیچ کەسێک" نایاسایی نەبووە. دادوەر کارتەر دەڵێت، ئەمە دەریدەخات کە بەرپرسانی فیدراڵی بەرنامەیان داڕشتووە بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکان.
چەندین مانگە، ترەمپ کە هێشتا دانی بە دۆڕاندنەکەیدا لە بەرامبەر جۆ بایدن لە ساڵی 2020 نەناوە، بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵیشدا فێڵ و ساختەکاری دەکرێت. بەڵام توێژینەوەکان بەردەوام دەریدەخەن کە هەرچەندە هەندێک رووداوی زۆر دەگمەنی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا هەن، بەڵام ژمارەیان هێندە کەمە کە هەرگیز کاریگەرییان لەسەر گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نابێت.



