رووداو دیجیتاڵ
لە دانیشتنێکی تژی لە ئاڵۆزیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، رووسیا و چین مافی ڤیتۆیان دژی پڕۆژەبڕیارێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکارهێنا کە ئامانجی نوێکردنەوەی مۆڵەتی تیمی شارەزایانی چاودێریی سزاکانی سەر ئێران بوو؛ سەرەڕای ئەوەی پڕۆژە بڕیارەکە 11 دەنگی (بەڵێ)ی بەدەستهێنا و دوو دەنگیش بێلایەن بوون، بەهۆی دەنگی (نەخێر)ی ئەو دوو ئەندامە هەمیشەیییەی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە رەتکرایەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2026، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی فەرەنسا دەستیپێکرد و هەر لە سەرەتاوە ئاڵۆزیی لێکەوتەوە، کاتێک مۆسکۆ دژایەتیی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە بە ناوی (رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی) دەربڕی.
مۆسکۆ و بەیژینگ رایانگەیاند، بەپێی بڕیاری 2231 لە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، کۆتایی بە تاوتوێکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران هاتووە و هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ درێژکردنەوەی مۆڵەتی تیمی چاودێری نەماوەتەوە.
رووبەڕووبوونەوە لەسەر یاساییبوونی سزاکان
فەرەنسا لە دانیشتنەکەدا رایگەیاند، بڕیاری 1929 لە 27ـی ئەیلوولی 2025ـەوە لەڕێگەی میکانیزمی پەسندکراوی گەڕاندنەوەی خۆکارانەی سزاکان (سناپباک)ـەوە بە یاسایی گەڕێنراوەتەوە و پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنە بۆ نوێکردنەوەی تیمی چاودێری، کە مۆڵەتەکەی لە 26ـی ئەیلوول کۆتایی دێت.
نوێنەرایەتیی ئەمریکا بە تووندی سەرکۆنەی ڤیتۆکەی کرد و هەردوو وڵاتی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی شێواندنی ئەو راپۆرتانە دەدەن کە هاوکارییە سەربازییە نایاساییەکانی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتە سەرکێشەکان ئاشکرا دەکەن؛ مایک وۆڵتز، نوێنەری ئەمریکا، هۆشداریی دا لەوەی نەمانی ئەم تیمە شارەزایە بۆشاییەکی گەورە لە رێکارەکانی بەدواداچوون دروست دەکات و دەبێتە پاڵپشتی بۆ تۆڕەکانی خۆدزینەوە لە سزا.
هاوکات بەریتانیا نیگەرانیی قووڵی خۆی نیشاندا و گوتی، مۆسکۆ و بەیژینگ "پارێزگاری لە تاران دەکەن" لە کاتێکدا ئێران بەبێ بوونی هیچ مەبەستێکی مەدەنی خەریکی پیتاندنی یۆرانیۆمە و رێگە بە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان نادات پشکنینیان بۆ بکرێ.
مۆسکۆ: پڕۆژەبڕیارەکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە
ڤاسیلی نێبێنزیا، نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، " رووسیا دژی پڕۆژەبڕیارەکەی ئەمریکا دەنگی دا بۆ درێژکردنەوەی مۆڵەتی دەسەڵاتی تیمی چاودێری؛ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا نە ماف و نە هیچ پاساوێکیان نەبوو بۆ بەکارهێنانی ئەم ئامرازە."
نوێنەری رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو پڕۆژەبڕیارەی تاوتوێکرا هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە؛ لەبەر ئەوەی بەسەرچوونی بڕیارەکە گەڕانەوەی نییە، ئێمە بە رژدی داوا لە ئەندامانی دیکە دەکەین لە برەودان بە پڕۆژەی لەم شێوەیە خۆیان بەدوور بگرن."
بەیژینگ: هۆکاری قەیرانەکە کشانەوەی یەکلایەنەی ئەمریکایە
فو کۆنگ، نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد، سەپاندنی سزا دۆخەکە بەرەو تەقینەوە دەبات و گوتی: "ئێستا ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەبێ وەستان بەردەوامن، لە کاتێکدا رێڕۆی سیاسی لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە بنبەستدا ماوەتەوە؛ پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش بە شێوازێکی بەرپرسانە هەنگاو بنێت و لە پێوەرە دووفاقییەکان، تیوەگلانی سیاسی، گوشارەکان خۆی بە دوور بگرێ."
دیپلۆماتە چینییەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هۆکاری سەرەکیی تەنگژەکەی بۆ سیاسەتەکانی واشنتن گەڕاندەوە و گوتی: "کشانەوەی یەکلایەنەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و ئەمریکا و سیاسەتی گوشاری زۆرینە لەسەر تاران، لەگەڵ هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکان، رەگی قەیرانەکانی ئێستان؛ ئامرازە سەربازییەکان، سزاکان و گوشار هیچ هاوکارییەکی چارەسەرکردنی کێشەکە ناکەن و تەنیا گرژییەکان زیاد دەکەن."
هەڵوێستی پاکستان لەسەر بێلایەنبوون لە دەنگدانەکەدا
پاکستان لەگەڵ وڵاتێکی دیکەدا دەنگی بە پڕۆژەبڕیارەکە نەدا و بێلایەنیی خۆی هەڵبژارد؛ عاسم ئیفتیخار ئەحمەد، نوێنەری پاکستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هۆکاری دەنگنەدانی وڵاتەکەیەوە گوتی: "نیگەرانییەکانی پاکستان بەردەوامن لەوەی تاوتوێکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لەنێویاندا لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، بە تێپەڕبوونی کات زیاتر ئاڵۆز بووە."
نوێنەری پاکستان هۆشداریدا لە دوورکەوتنەوە لە دیپلۆماسی و گوتی: "ئێمە بە روونی لەو روحیەتی هاوکاری و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان دوورکەوتووینەتەوە کە زیاتر لە دەیەیەک لەمەوبەر لە بڕیاری 2231دا هەبوو؛ بەردەوامیی گرژی و دوژمنکارییەکان و لێدانی بنکە ئەتۆمییەکان، لەگەڵ ناکۆکییەکانی نێوان ئەندامانی هەمیشەیی، ئاستەنگییەکانی بەردەم چارەسەرکردنی بابەتەکەیان لەڕێگەی دیالۆگەوە زیاتر کردووە."
لێکەوتەکانی پەککەوتنی تیمی چاودێری
پەککەوتنی پڕۆژەبڕیارەکەی ئەمریکا بەهۆی ڤیتۆی رووسیا و چین، دەسەڵاتی ئەنجوومەنی ئاسایش لە بەدواداچوونی پێشێلکارییە ئەتۆمی و مووشەکییەکان لاواز دەکات و میکانیزمی سزاکان دەخاتە نێو بۆشایییەکی چاودێرییەوە.
لە کاتێکدا وڵاتانی رۆژئاوا هەوڵدەدەن لە دەرەوەی تیمی شارەزایان بەدواداچوون بۆ سزاکان بکەن، پێداگریی رووسیا و چین لەسەر نەبوونی شەرعییەتی بڕیارەکان دەیسەلمێنێت کە پەرتەوازەییی نێودەوڵەتی لەسەر دۆسیەی تاران گەیشتووەتە قۆناخێکی بێگەڕانەوە و ئاسۆی چارەسەری دیپلۆماسیی بە تەواوی لێڵ کردووە.


