رووداو دیجیتاڵ
رووسیا و چین، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی ڤیتۆیان دژی پڕۆژەبڕیارێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکارهێنا کە داوای درێژکردنەوەی مۆڵەتی تیمی شارەزایانی چاودێریی سزاکانی سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی دەکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، لە کۆبوونەوەی ژمارە 10224ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، مۆسکۆ و بەیژینگ دژی پڕۆژەبڕیاری (S/2026/740) دەنگیاندا کە لەلایەن ئەمریکاوە ئامادەکرابوو بۆ نوێکردنەوەی دەسەڵاتی تیمی شارەزایانی سەر بە لیژنەی 1737 بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2027. هەردوو وڵات بەفەرمی رێگەیان نەدا بڕیارەکە تێپەڕێت.
مۆڵەتی تیمی شارەزایان و لیژنەی 1737
پڕۆژەبڕیارەکەی ئەمریکا بەمەبەستی نوێکردنەوەی مۆڵەتی ئەو تیمە نێودەوڵەتییە بوو کە ئەرکی بەدواداچوون، لێکۆڵینەوە و ئامادەکردنی راپۆرتی لەسەر جێبەجێکردنی سزاکان و چالاکییە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران پێسپێردرابوو.
واشنتن و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی دەڵێن، دوای کاراکردنی میکانیزمی گەڕاندنەوەی خێرای سزاکان (سناپباک)، سەرجەم بڕیارە سزادەرەکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی تاران کارا بوونەتەوە و پێویستە تیمی چاودێری بەردەوام بێت لە کارەکانی.
مۆسکۆ و بەیژینگ: سزاکان بەسەرچوون
لەبەرامبەردا، رووسیا و چین رژدن لەسەر ئەوەی بەپێی بڕیاری ژمارە 2231، سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025 کۆتاییان هاتووە و کاراکردنەوەی میکانیزمی سناپباک لەرووی یاساییەوە بەتاڵە.
ڤاسیلی نیبێنزیا، نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگە نادات ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سەپاندنی سزای نایاسایی بەسەر ئێراندا بەکاربهێندرێت، هەروەها بەیژینگ ئاماژەی بەوە کرد، سەپاندنی گوشاری زیاتر تەنیا دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاڵۆزتر دەکات.
ئەم ڤیتۆ دووانەیەی رووسیا و چین لە کاتێکدایە کە هەفتەی پێشوو ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دۆسیەی ئێرانی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش بەرزکردەوە، بەڵام بێدەسەڵاتیی لیژنەی 1737 و نەبوونی تیمی شارەزایان، هەموو رێکارە سزاییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی پەکخستووە.
بەکارهێنانی ئەم ڤیتۆیە جارێکی دیکە دابەشبوونی تووندی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دەرخست و هەوڵەکانی ئەمریکای بۆ درێژکردنەوەی چاودێریی نێودەوڵەتی بەتەواوی گەیاندە بنبەست.



