رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند، "بنەمای تەواو لەبار" هەیە بۆ ئەوەی باوەڕ بەوە بکرێت کە ئەمریکا لە ئێران تاوانی جەنگی دژی هاووڵاتییانی سڤیل کردبێت؛ هاوکات هاووڵاتییانی ئێران لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەی خۆشیانەوە رووبەڕووی "پێشێلکاریی گەورەی مافەکانی مرۆڤ" بوونەتەوە.
لە راپۆرتە نوێیەکەیاندا، کە بڕیارە رۆژی دووشەممە پێشکەش بە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت، لێکۆڵەرە سەربەخۆکان داوایان لە 47 وڵاتی ئەندامی ئەنجوومەنەکە کردووە کە گوشار بکەن بۆ راگرتنی جەنگ، سزادانی بەرپرسانی تاوانەکانی جەنگ و پێدانی مافی پەنابەری بەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کە لە جەنگ هەڵدێن. ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا ئەندامی ئەم ئەنجوومەنە نین.
تۆمەتەکان دژی ئەمریکا چین؟
لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن: "دوای هێرشەکانی 28ـی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵگەی پێویستمان دەستکەوتووە کە پێمان وایە ئەمریکا هێرشی کوێرانەی کردووە کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل و زیانگەیاندن بە پێگە سڤیلەکان، کە ئەمەش تاوانی جەنگە."
لەناو ئەو هێرشانەدا:
هێرشی مووشەکیی تۆماهۆک بۆ سەر قوتابخانەی سەرەتایی "شەجەرەی تەییبە" لە شاری میناب، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 150 کەس (نزیکەی 120 منداڵی کچ و کوڕ لەناویاندا بوون).
هێرشێکی ئاسمانی بە مووشەکی ورد بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی وەرزشی و ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری لامێرد، کە بووە هۆی کوژرانی 22 ژن و پیاوی سڤیل.
"سەرکوتکارییەکان"ـی حکومەتی ئێران
راپۆرتەکە باسی لەوەش کردووە کە حکومەتی ئێران بۆ "سەرکوتکردن"ـی ئەو خۆپێشاندانە ناوخۆییانەی بەهۆی گرانیی بژێوی ژیانەوە لە کۆتایی 2025ـدا سەریان هەڵدا، "یاسای سەرکوتکەر"، "هێزی کوشندە" و "سزای لەسێدارەدانی وەک کەرەستەیەکی تۆقاندن و کۆنترۆڵکردن" بەکارهێناوە.
بەپێی راپۆرتەکە:
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە 31 پارێزگاکەی ئەو وڵاتەدا خۆپێشاندەرانیان کوشتووە (لەوانەش لانیکەم 221 منداڵ). هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندە تەندروستییەکان و دەیان هەزار کەسیان دەستگیرکردووە.
لەنێوان مانگەکانی ئادار تاوەکو ئابی 2026، لانیکەم 29 پیاو لە دادگاییکردنی بەپەلەدا لەسەر خۆپێشاندانەکان لەسێدارەدراون و زیاتر لە 70 کەسی دیکەش (لەناویاندا پێنج ژن و سێ مێردمنداڵ) لە مەترسیی دەستبەجێی لەسێدارەداندان.
داواکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان
لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە ئیسرائیل، ئەمریکا و ئێران کرد دەستبەجێ شەڕ رابگرن؛ هەروەها داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵی دیپلۆماسیی بەپەلە بدەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام، و پێشێلکارییەکانی هەرسێ لایەنی شەڕەکە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت و بەرپرسان رووبەڕووی دادگە بکرێنەوە.



