رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەموو وڵاتانی کەنداو بەدوای ئەوەوەن گفتوگۆ لەگەڵ تاران بکەن و رەنگە رێککەوتنیشی لەگەڵدا ببەستن.
وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئەو وڵاتانە لەبەر ئەوە بەدوای رێککەوتندان چونکە دەزانن بەداخەوە ئەوەی بینیویانە ئەوەیە کە مەرج نییە ئێمە بتوانین بەرگرییان لێبکەین".
وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئێرانییەکان شێوازێکی سەیر بۆ دانوستاندن بەکاردەهێنن، رەنگە مەبەستیان لەوە هاویشتنی مووشەکی زیاتر بێت بۆ سەر ئێمە و هاوبەشەکانمان، هاوکات هاندانی حووسییەکان بێت بۆ ئەوەی رێڕەوی دەریای سوور و تەنگەی هورمز پەکبخەن".
بلینکن رەخنەی لە ئیدارەی واشنتن گرت و گوتی: "بڕوانن، ئێمە بەداخەوە لە دۆخێکی زۆر سەختداین کە بە دەستی ترەمپ (دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا) دروستکراوە."
گوتەکانی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدان، بڕیار بوو بەرپرسانی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی کەنداو لە عوممان کۆببنەوە بۆ دانوستاندن و گفتوگۆکردن لەسەر رێککەوتنێک سەبارەت بە تەنگەی هورمز.
رۆژی 28ـی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. بیانووی بەرپرسانی ئێران بۆ ئەو هێرشانەیان بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بووە لەو وڵاتانەدا.
لە 2ـی ئادارەوە ئێران تەنگەکەی بە رووی کەشتییەکاندا داخستووە. بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی دەریایی، پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەو تەنگەیەدا هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا، لەو کاتەوە بە تێکڕا کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ هەر رۆژێک هەناردەکراوە.


