رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمریکا، کە بڕیارە رۆژی 3ـی نۆڤێمبەر بەڕێوەبچێت، کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە بەشداری لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دەکەن و پشتگیری لەو کاندیدانە دەکەن کە بە دۆستی کورد ناسراون.
ئەندامانی کۆنگرێس، بەتایبەتیش ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە هەڵمەتی بانگەشەدان و بۆ کۆکردنەوەی دەنگ سەردانی خەڵک و کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەکەن. یەکێک لەو کاندیدانە کۆنگرێسمان جەیمس واڵکینشاوە، کە لە ناوچەی فەیرفاکس لە ویلایەتی ڤێرجینیا خۆی هەڵبژاردووەتەوە، ناوچەیەک کە ژمارەیەک خێزانی کوردی لێ دەژین.
کۆنگرێسمان جەیمس واڵکینشاو، لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "بەڕاستی ئێمە لێرە لە فەیرفاکس کاونتی زۆر بەبەختین کە کۆمەڵگەیەکی کوردی-ئەمریکیی چالاک، گەشەسەندوو و سەرکەوتوومان هەیە. تەنیا دەمەوێت هانی هەموو ئەو هاووڵاتییانە بدەم کە مافی دەنگدانیان هەیە، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و مافی دەستووریی خۆیان بەکاربهێنن."
لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی بۆ کۆنگرێسمان واڵکینشاو رێکخرابوو، ژمارەیەک کوردی دانیشتووی ڤێرجینیا بەشداربوون بۆ پشتگیریکردن لەو کاندیدەی پارتی دیموکرات.
حیکمەت بامەرنی، کەسایەتیی کورد لە ڤێرجینیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاری سەرەکیی ئێمە وەک کورد ئەوەیە دۆست بۆ کورد پەیدا بکەین. ئەم کۆنگرێسمانە پێشتر جێگری کۆنگرێسمان جێری کۆنلی بوو، کە دۆستێکی دێرینی کوردستان بوو. ئێمە وەک کورد ناتوانین ببین بە کۆنگرێسمان، چونکە ژمارەمان کەمە، بەڵام دەتوانین و ئەرکی ئێمەشە دۆست بۆ کورد پەیدا بکەین، جا چ کۆنگرێسمان بێت یان سیناتۆر."
بۆ کوردی ئەمریکا، پرسی کوردستان و پشتیوانیی ئەمریکا لە کورد بایەخی تایبەتی هەیە، بۆیە زیاتر پشتگیری لەو کاندیدانە دەکەن کە هاوسۆزی دۆزی کوردن.
کۆنگرێسمان واڵکینشاو، کە یەکێکە لە دۆستەکانی کورد لە کۆنگرێس، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە ئەمریکا پشتگیریی گەلی کورد بکات و دەڵێت: "گەلی کورد لە عێراق و لە هەموو شوێنەکانی دیکەش لە مێژوودا هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوون. ئێمە بەهای هاوبەشمان لە رێزگرتن لە دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و ئازادی هەبووە. پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەمیشە لە هەموو شوێنێک داکۆکیکاری دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین بێت و کاتێکیش مافی هەر کەسێک رووبەڕووی هێرش دەبێتەوە، دەبێت هەڵوێستی هەبێت."
هەڵبژاردنی ئەمساڵی کۆنگرێس بە هەڵبژاردنێکی گرنگ دادەنرێت، چونکە دیموکراتەکان هەوڵدەدەن زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران بەدەستبهێننەوە، لە بەرامبەردا کۆمارییەکان دەیانەوێت پارێزگاری لە زۆرینەی خۆیان بکەن.

