رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، وڵاتەکەی هەوڵی فرەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت دەدات بۆ ئەوەی نەبێتە دیلی یەک دەروازە. ئاشکرایشی دەکات، بیرۆکەیەک هەیە بۆ دروستکردنی بۆرییەکی گواستنەوەی نەوت بۆ ئەڵمانیا لە رێگەی "رێگەی گەشەپێدان"ەوە و جەخت دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکیی دەوڵەتە و پشکی دەستووریی خۆی دەبێت.
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دوای کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و راوێژکاری ئەڵمانیا لە بەرلین، عەلی فالح زەیدی گوتی، "ناکرێ عێراق دیلی دەستی یەک دەروازەی هەناردەکردن بێت. ئەمڕۆ ئەمانەتی نزیکەی 50 ملیۆن کەسمان لە ئەستۆیە. بۆیە سەرچاوەکانمان جۆراوجۆر کردووە؛ بەشێکی بۆ تورکیا و بەشێکی بۆ سووریا دەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، نەوتەکە بە نرخی بازاڕ بە وڵاتانی ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەفرۆشرێ.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە سەردانەکەی ئەم دوو رۆژەی کرد و ئاشکرای کرد کە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و راوێژکاری ئەڵمانیا گفتوگۆی کردووە. لەبارەی هەناردەکردن بۆ ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە دا، بیرۆکەیەک هەیە بۆ دانانی بۆرییەکی گواستنەوەی نەوت لە رێگەی پرۆژەی "رێگەی گەشەپێدان"ەوە بۆ ئەڵمانیا، کە ئەمەش رێگەیەکە زۆر پارێزراوتر دەبێت بۆ هەردوولا لە کاتی هەر قەیرانێك.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەرێمی کوردستانیش قسەی کرد و رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکییە لە جەستەی دەوڵەت و شایستەی خۆی دەبێت، وەک ئەوەی لە دەستوور و یاسادا دیاری کراوە."
پرسیاری ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو و وەڵامی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق:
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو: پرسیارم بۆ جەنابی سەرۆکوەزیرانی عێراقە. جەنابی سەرۆکوەزیران باستان لەوەکرد کە سوورن لەسەر هەناردەکردنی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی سووریاوە. ئەو نەوتە بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئایا تواناتان هەیە ئەو بڕە زیاد بکەن ؟ دەمەوێ بزانم ئایا لەو بارەوە ئەڵمانیا هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵتان هەیە؟ هەروەها دەمەوێ بزانم ئایا پشکی هەرێمی کوردستانی تێدا دەبێت؟
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق: دەمانەوێ سەرچاوەی هەناردەکردنی نەوتمان فراوان و فرەجۆر بکەین، ناکرێ عێراق دیلی دەستی یەک دەروازەی هەناردەکردن بێت، هەروەک چۆن ئێستا هەمانە. عێراق پێویستی بە هەڵوەستەیەکی سەروەریی هەیە، ئەمڕۆ ئەمانەتی نزیکەی 50 ملیۆن کەسمان لە ئەستۆیە، دەکرێت ئەو دۆخەی کە ئێستا دەیبینین لە داهاتووشدا دووبارە بێتەوە؛ سبەی دووبارە بێتەوە یان لە داهاتوودا جارێکی دیکە دووبارەبێتەوە، بۆیە سەرچاوەکانمان جۆراوجۆر کردووە، بەشێکی بۆ تورکیا و بەشێکی بۆ سووریا. دەکرێ بڕەکەی لە رێگەی دەریای سپی نێوەڕاست دوو هێندە بکەین . ئەو نەوتە بە گشتیی دەفرۆشینە رۆژئاوا، ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. دوێنێ لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن قسەمان کرد و ئەمڕۆش لەگەڵ بەڕێز راوێژکاری ئەڵمانیا. نەوتەکە بە نرخی بازاڕ دەفرۆشرێ. بیرۆکەیەک هەیە کە دەکرێت لەنێوان عێراق و ئەڵمانیا بۆريیەکی گواستنەوەی نەوت دروست بکرێت لە رێگەی رێگەی گەشەپێدانەوە کە زۆر پارێزراوتر دەبێت بۆ گەل و حکومەتی ئەڵمانیا، چونکە خوانەخواستە هەرچییەک رووبدات وەک سەرهەڵدانی پەتا یان هەر بابەتێکی دیکە بۆرییەکە ناوەستێت. سەبارەت پرسیارەکەت کە گوتت دۆخی هەرێمی کوردستان چۆنە؟ هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکییە لە جەستەی دەوڵەت و شایستەی خۆی هەیە وەک ئەوەی لە دەستوور و یاسا دیاریکراوە.

