رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، بەردەوامبوونی شەڕ لە نێوان هێزەکانی حکومەت و حووسییەکان لە کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەن، بووەتەهۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 100 هەزار کەس لە وڵاتەکەدا، هاوکات هەزاران کەسی دیکەش بە بەلەم بەرەو جیبۆتی هەڵاتوون.
ئەم شەپۆلە نوێیەی ئاوارەبوون دوای هێرشێکی حووسییەکان دێت کە لە ئەنجامدا دەستیان بەسەر تەواوی کەناراوەکانی دەریای سوور و تەنگەی ستراتیژیی بابولمەندەبدا گرت؛ رێڕەوێکی ئاوی کە بەهۆی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە تەنگەی هورمز گرنگییەکی یەکجار زۆری بۆ هاتووچۆی کەشتیوانی پەیدا کردووە.
کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ: "زیادبوونی خێرای پێکدادانەکان لە کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەن زیاتر لە 100 هەزار کەسی لە وڵاتەکەدا ئاوارە کردووە و هەزارانی دیکەیشی ناچار کردووە لە جیبۆتی پەناگە بۆ خۆیان بدۆزنەوە."
بەگوێرەی ئاژانسەکە، تەنیا لە چوار رۆژی رابردوودا زیاتر لە 2400 کەس لە رێگەی دەریاوە خۆیان گەیاندووەتە جیبۆتی، کە زیاتر لە 60٪ـیان ژن، منداڵ و بەساڵاچوون.
ساندرین دیسامۆرس، نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جیبۆتی لە راگەیێندراوەکەدا گوتی: "خەڵک دوای گەشتێکی دەریایی پڕ لە مەترسی و سەخت دەگەنە ئێرە، زۆربەیان ماندوون و تەنیا بڕێکی کەم کەلوپەلیان پێیە. توانای وەڵامدانەوەی ئێمە ئێستا لەژێر گوشارێکی زۆردایە و پێش ئەوەی خێزانی زیاتر بگەن، پێویستمان بە هاوکاریی بەپەلەیە."
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو خێزانانەی لەنێو یەمەن ئاوارە بوون، بەپەلە و بەبێ پێداویستیی سەرەتایی ماڵەکانیان بەجێهێشتووە و پێویستیی دەستبەجێیان بە پەناگە، خۆراک، ئاوی خاوێن، خزمەتگوزاریی تەندروستی و پاراستنە.
هاوکات ئاژانسەکە نیگەرانیی قووڵی خۆی نیشان دا لە چارەنووسی زیاتر لە 65 هەزار پەنابەری بیانی کە لە یەمەندا تۆمارکراون و زۆربەیان خەڵکی سۆماڵ و ئەسیوپیان.
تێکچوونی دۆخی ئەمنی، وێرانبوونی رێگەوبانەکان و پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندی، ئاستەنگی گەورەیان لەبەردەم گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دروستکردووە.
کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران هۆشداریشی دا کە نائارامی لە تەنگەی بابولمەندەب، دەستڕاگەیشتن بە هاوکارییە مرۆییەکان بۆ یەمەن و سوودان پەکدەخات و رێڕەوە بازرگانی و کەشتیوانییەکانی ناوچەکە زیاتر تووشی پەکخستن دەکات، بەتایبەت لە کاتێکدا کە هاتووچۆ بە تەنگەی هورمزیشدا پەکیکەوتووە.



.jpg&w=3840&q=75)