رووداو دیجیتاڵ
کۆچبەران ساڵانە نزیکەی 730 ملیار دۆلار دەنێرنەوە بۆ کەسوکاریان و بژێویی زیاتر لە 1.1 ملیار کەس دابین دەکەن، ئەمە بەپێی راپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان. راپۆرتەکە دەریدەخات ئەو پارەیەی کۆچبەران دەینێرنەوە، کاریگەریی لە کۆمەکییە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە خێرخوازییەکان زیاترە.
رۆژی دووشەممە، 17-06-2024، نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەبارەی ئەو 220 ملیۆن کۆچبەرەوە بڵاوکردەوە کە ساڵانە یارمەتیی زیاتر لە ملیارێک کەس دەدەن بۆ ئەوەی بژین.
پێدرۆ دی ڤاسکۆنسێلۆس، بەڕێوەبەری سندوقی پەرەپێدانی کشتوکاڵی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "نزیکەی 220 ملیۆن کۆچبەر و ئەندامانی دیاسپۆرا پارە بۆ ماڵەوە دەنێرن و پشتگیریی زیاتر لە 1.1 ملیار کەس دەکەن لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەنددا. کۆچبەران لە سەرانسەری جیهان نزیکەی 729 ملیار دۆلاریان بۆ خێزانەکانیان ناردووەتەوە."
بەپێی راپۆرتەکە، ئەو بڕە پارەیەی کۆچبەران بۆ کەسوکاریان دەینێرنەوە، بە بەراورد بە 10 ساڵ لەمەوبەر دوو هێندە زیادی کردووە. هەروەها زیاترە لە کۆی ئەو پارەیەی هەموو رێکخراوە خێرخوازییەکانی جیهان پێکەوە دابینی دەکەن. بۆ نموونە، لە ساڵی 2022 کۆی کۆمەکی گەشەپێدانی فەرمی 204 ملیار دۆلار بووە، کە کەمترە لە چارەکی ئەو پارەیەی کۆچبەران ناردوویانەتەوە.
پێدرۆ دی ڤاسکۆنسێلۆس لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا کە پرسی، "زۆر کەس لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، کۆچ بە 'رۆیشتنی مێشکەکان' ناودەبەن، چونکە ئەندازیار و پزیشک و خەڵکی شارەزایان دەڕۆن. ئایا راپۆرتەکەتان ئەوە دەردەخات کە پرسەکە هێندە سادە نییە و ئەو وڵاتانە سوودیش لە کۆچی خەڵکەکەیان دەبینن؟" گوتی، "ئەوەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین کەمکردنەوەی ئەو هۆکارانەیە کە خەڵک ناچار دەکەن کۆچ بکەن. بۆ نموونە، ئێمە سەیری ئەوە دەکەین ئایا دەرفەتەکانی وەک ناردنەوەی پارە، قەرز، پاشەکەوت و وەبەرهێنان دەتوانن کۆچکردن بکەنە بژاردە، نەک پێویستی."
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بڕی ئەو پارەیەی لە دەرەوە بۆ عێراق نێردراوەتەوە، لە ساڵی 2022 بە بەراورد بە 10 ساڵ پێشتر، بە رێژەی 29% کەمیکردووە.
سەبارەت بە هەندێک وڵاتی دیکە، راپۆرتەکە دەریدەخات ئەو پارەیەی کۆچبەران دەینێرنەوە زیاترە لە نیوەی کۆی ئابووریی وڵاتەکەیان. بۆ نموونە لە تاجیکستان، بڕەکە یەکسانە بە 51%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی وڵات.
هەر لەو رۆژەدا، بەرپرسێکی باڵای بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) لەبارەی بارودۆخی مرۆیی سوودانەوە دوا زانیارییەکانی خستەڕوو و گوتی، "سوودان هێشتا لە نێو گەورەترین قەیرانی برسێتی و ئاوارەبوونی جیهاندایە و 20 ملیۆن کەس رووبەڕووی برسێتیی توند بوونەتەوە."
لە وڵاتانی وەک سوودان، کە بەهۆی شەڕ و ناسەقامگیرییەوە بە "زۆر ناسک" پۆلێن کراون، نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی ئەو پارەیەی لە دەرەوە بۆ گەشەپێدان دێت، لە کۆچبەرانەوەیە.


