رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپرسییەکی نوێ و بەرفراوان کە زیاتر لە 13 هەزار دەنگدەر تێیدا بەشدار بوون؛ مارین لۆپێن، بەربژێری راستڕۆی تووندڕۆ لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی فەرەنسادا دەبێتە پێشەنگ.
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسیی دامەزراوەی (ئیپسۆس-بی ڤی ئەی)، پێشبینی دەکرێت لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا کە 18ـی نیسانی 2027 بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی ئیمانوێل ماکرۆن بەڕێوەدەچێت، لۆپێن یەک لەسەر سێی دەنگەکان مسۆگەر بکات. هەرچەندە لە مانگەکانی رابردووشدا لۆپێن لە پێشەوە بووە، بەڵام ئەم راپرسییە کە سەرەتای ئەم مانگە کراوە و 13 هەزار و 60 کەس تێیدا بەشدار بوون، لە رووی قەبارەوە پێشتر نەکراوە.
بەپێی ئەو ئەنجامانەی لە رۆژنامەی (لۆمۆند)ـی فەرەنسیدا بڵاوکراونەتەوە، ئێدوار فیلیپ، بەربژێری میانڕۆ، لە گەڕی یەکلاکەرەوەدا (2ـی ئایار) رووبەڕووی لۆپێن دەبێتەوە، بەڵام ئەوە تەنیا بەو مەرجەی گابریێل ئاتالی هاوپەیمانی لە هەمان بەرەی میانڕۆ، لە کێبڕکێکە بکشێتەوە.
راپرسییەکە چەند سیناریۆیەکی خستووەتەڕوو و ئاماژە بەوە دەکات؛ ئەگەر هەردوو سەرۆکوەزیرانەکەی پێشووی ماکرۆن (فیلیپ و ئاتال) پێکەوە لە کێبڕکێکەدا بمێننەوە، ئەوا دەنگی میانڕۆکان پەرت دەبێت، بەمەش ژان لوک میلانشۆن، بەربژێری چەپڕۆی تووندڕۆ، دەبێتە دووەم و سەردەکەوێت بۆ گەڕی دووەم.
بریس تینتۆرییە لە دامەزراوەی (ئیپسۆس-بی ڤی ئەی) رایگەیاند، بێئومێدی و کەشێکی نەرێنی بەسەر بیرکردنەوەی دەنگدەراندا زاڵ بووە، بەتایبەت بەهۆی نیگەرانییەکان لە دۆخی ئابووری فەرەنسا و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان.
نزیکەی سێ لەسەر چواری بەشداربووان باوەڕیان وایە دۆخی وڵاتەکە بەرەو خراپتربوون دەچێت، لە کاتێکدا پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2022، رێژەکە تەنیا 45٪ بوو.
بەگوێرەی راپرسییەکە، لە هەر 10 کەسی فەرەنسی حەوتیان هیوادارن هەڵبژاردنی داهاتوو ببێتە هۆی هێنانەدیی "گۆڕانکاریی راستەقینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی"، بەراورد بە 51٪ لە پێنج ساڵ لەمەوبەر.
مارین لۆپێن بڕیاری بەربژێربوونی داوە، سەرەڕای ئەوەی لە مانگی تەمووزدا دادگەی پێداچوونەوە حوکمی بەندکردنی بەهۆی تۆمەتی گەندەڵییەوە بەسەردا پەسند کردەوە.
لۆپێن دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی 2012 پلەی سێیەمی هێنا، لە ساڵانی 2017 و 2022 گەیشتە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، بەڵام لە هەردوو جارەکەدا کێبڕکێکەی بە ئیمانوێل ماکرۆن دۆڕاند، ئەمەش دوای ئەوەی لایەنە دژبەرەکان هاوپەیمانێتییان پێکهێنا بۆ رێگری لە گەیشتنی راستڕۆی تووندڕۆ بە کۆشکی ئیلیزێ.



