رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رووسیا و ئۆکراینا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی هێرش نەکەنە سەر کەرتی وزەی یەکدی. راشیگەیاند بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی بەنزین لە جیهاندا بەهۆی جەنگی نێوان مۆسکۆ و کیێڤەوەیە، نەک ئێران.
رۆژی دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیاڵ) نووسی، "ئۆکراینا رەزامەندیی دەربڕیوە لە ئامانجە پەیوەندیدارەکانی وزەی رووسیا نەدات. رووسیاش بە هەمانشێوە رازی بووە ئەوە بکات! بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە جیهاندا بە زۆری بەهۆی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوەیە، نەک ئێران."
ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە سەرەتای ئەم مانگە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نێردەکانی ترەمپ، سەرەتا لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رۆژی دواتریش لە کیێڤ لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆبوونەوە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لەبارەی ئاگربەست رانەگەیێندرا.
سەرەڕای لێدوانەکەی ترەمپ، شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن مۆسکۆ لەم هەفتانەی دواییدا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە سڤیلەکان و ژێرخانی ئۆکراینا بە شێوەیەکی بەرچاو چڕ کردووەتەوە، ئەمەش بە ئامانجی شکاندنی ورەی ئۆکراینییەکان و ترساندنی هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی کیێڤ.
پەیامەکەی ترەمپ دوای رۆژێک دێت لەوەی رەخنەی لە کیێڤ گرتبوو بەهۆی لێدانی پاڵاوگە نەوتییەکانی رووسیا لە رێگەی درۆنەوە، کە بە گوتەی ترەمپ کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا دروستکردووە.
هاوکات لەگەڵ لێدوانەکەی ترەمپ، مارک رووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ رۆژی دووشەممە رایگەیاند، هاوپەیمانێتییەکە پشتیوانییەکانی بۆ ئۆکراینا زیاد دەکات، ئەوەش دوای زنجیرەیەک هێرشی درۆنیی رووسیا بۆ سەر ناوچەکانی نزیک سنووری ئۆکراینا و پۆڵەندا.
رووتە ئاماژەی بەوە کرد کە لێدانی ناوچەکانی "نزیک لە خاکی ناتۆ" نیشانەی "بێهیوایی و هەوڵی ڤلادیمێر پووتینە بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقین" و گوتی، "رووسیا لە درێژەدان بەم جەنگە سامناکەی دژی ئۆکراینا هەڵسوکەوتی زیاتری بێباکانە دەنوێنێت."
سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتیشی، "پووتین پێیوایە دەتوانێت رێگری لە پشتیوانیکردنمان بۆ ئۆکراینا بکات و یەکڕیزیمان تێکبدات، هەڵەیە."
لە بەرامبەردا، رووسیا نیگەرانییەکانی رۆژئاوای لەبارەی هێرشەکانی سەر ناوچە سنوورییەکان رەتکردەوە. کاتێک پرسیاری ئەو هێرشانەی لێکرا، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، "ئەگەر بە دروستی تێگەیشتبم، ئەو ناوچانە دەکەونە نێو خاکی ئۆکرایناوە. هێزەکانمان ئەرکەکانی خۆیان لە تەواوی خاکی ئۆکراینادا جێبەجێ دەکەن و لەسەر ئەوەش بەردەوام دەبن."



