رووداو دیجیتاڵ
دوای جیاکردنەوەی 94%ـی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی گشتیی سوێد، بەرەی چەپی ئۆپۆزیسیۆن بە بەدەستهێنانی 176 کورسی و جیاوازیی نزیکەی 20 هەزار دەنگ، لە پێش هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری راستڕۆوە دێت کە 173 کورسی مسۆگەر کردووە.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 14-9-2026، دەستەی هەڵبژاردنەکانی سوێد نوێترین داتاکانی جیاکردنەوەی دەنگەکانی بڵاوکردەوە کە تێیدا پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی سوێد پێشەنگیان گرتووە.
لە پەرلەمانی سوێددا کە لە 349 کورسی پێکدێت، بۆ مسۆگەرکردنی زۆرینە پێویست بە 175 کورسی دەکات، بەڵام یەکلاییبوونەوەی کۆتایی تاوەکو رۆژی چوارشەممە دوادەکەوێ.
ئەنجامە بەراییەکان دەریدەخەن کە چوار پارتی بەرەی چەپ توانیویانە بە جیاوازیی سێ کورسی پێش هاوپەیمانیی چوار پارتی دەسەڵاتدار بکەون کە لەلایەن ئولف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێدەوە سەرکردایەتی دەکرێ.
رێژەی بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی 80%ە، کە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2022 بە رێژەی 4 خاڵ کەمی کردووە.
بەپێی هاوپەیمانێتییەکانی ئەم هەڵبژاردنە، پارتەکان بەسەر دوو بەرەی سەرەکی راستڕۆ و چەپڕۆدا دابەش بوون.
یەکەم: بەرەی راست (دەسەڵاتدارانی ئێستا)
ئەم بەرەیە لە چوار پارت پێکدێ. سێ پارتیان کابینەی حکومەتی ئێستایان پێکهێناوە. پارتی چوارەمیش لە دەرەوەی کابینەکە پشتگیرییان دەکات بۆ ئەوەی زۆرینەی پەرلەمان مسۆگەر بکەن:
پارتی مۆدێرات: پارتی سەرۆکوەزیرانی ئێستایە (ئولف کریستەرسۆن) و سەرکردایەتیی حکومەتی راستڕۆ دەکات.
پارتی کریستیان دیموکرات: پارتێکی راستڕۆی پارێزگارە و لە کابینەی حکومەتی ئێستادا بەشدارە.
پارتی لیبراڵەکان: پارتێکی راستڕۆی میانڕۆیە و لە کابینەی حکومەتی ئێستادا بەشدارە.
پارتی دیموکراتەکانی سوێد: پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆیە. لە کابینەی ئێستادا نییە، بەڵام زۆرجار لە پەرلەمانەوە پشتگیریی حکومەتەکەی کریستەرسۆن دەکات.
دووەم: بەرەی چەپ (ئۆپۆزیسیۆنی ئێستا)
ئەم بەرەیە لە چوار پارت پێکدێ بە سەرۆکایەتیی ماگدالینا ئەندەرسۆن، کە دەیانەوێ حکومەتی نوێ پێکبهێنن:
پارتی سۆسیال دیموکرات: گەورەترین پارتی سوێدە و سەرکردایەتیی بەرەی چەپ دەکات.
پارتی چەپ: پارتێکی چەپڕۆی سۆسیالیستە و بەشێکی سەرەکییە لەم بەرەیە.
پارتی سەوز: پارتێکی چەپە و کارنامەکەی زیاتر لەسەر پاراستنی ژینگە و کەشوهەوایە.
پارتی نێوەڕاست: لەم ساڵانەی دواییدا چووەتە پاڵ بەرەی چەپ بۆ رێگریکردن لە بەهێزبوونی راستڕۆ تووندڕەوەکان.
دەنگەکانی چوارشەممە و چارەنووسی دەسەڵات
جیاکردنەوەی دەنگەکان رۆژی چوارشەممە دەستپێدەکاتەوە بۆ ژماردنی ئەو دەنگانەی پێشوەختە دراون و درەنگ گەیشتوون، لەگەڵ ئەو دەنگانەی کە هاووڵاتییانی سوێد لە دەرەوەی وڵات داویانە.
ئولف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد دەڵێ: "دەنگدەران بڕیاری خۆیان داوە، بەڵام هێشتا ئەنجامی کۆتاییمان لەبەردەست نییە. پرسی ئەوەی کام حکومەت لە ساڵانی داهاتوودا سەرکردایەتیی سوێد دەکات، هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە."
ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی سوێد داوای لە لایەنگرانی کرد چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی بن و گوتی: "سوێد دەبێتە خاوەنی حکومەتێکی نوێ ئەگەر ئەم ئەنجامە بەم شێوەیە بمێنێتەوە."
ئەندەرسۆن باسی لە بژارەی بەردەم دەنگدەران کرد و گوتی: "ئایا دەبێ حکومەتێکمان هەبێ کە بە تەواوی لەژێر هەژموونی پارتی دیموکراتەکانی سوێد بێت؟ شتێک کە پێشتر هەرگیز لە سوێد رووینەداوە، یان حکومەتێک بە سەرۆکایەتیی من کە سوێد بە روحی هاوکاریی نوێوە بەڕێوەببات؟"
پارتی دیموکراتەکانی سوید (SD) کە پارتێکی دژە کۆچبەرە، بۆ یەکەمین جار لە دوای چوونە نێو پەرلەمان لە ساڵی 2010ـەوە دەنگەکانی رووی لە کەمبوونەوە کردووە.
ئەم پارتە لە هەڵبژاردنی پێشوودا بە کەڵکوەرگرتن لە پرسی تاوان و کۆچ بووە دووەم گەورەترین پارتی سوێد و کریستەرسۆن بەڵێنی پۆستی وەزاریی پێدابوون ئەگەر ببنەوە دەسەڵاتدار؛ هەروەها تەوەرەی سەرەکیی ئەم هەڵبژاردنەش تیشکخستنە سەر ئاسایشی نیشتمانی، رووبەڕووبوونەوەی چەتەکان و خەرجییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی بوو بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان.


