رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی گەشەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان و بڵاوکردنەوەی زمان و کولتووری کوردی لەسەر ئاستی جیهان، شاندێکی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بە سەرۆکایەتی پ. د. کامەران یونس ئەمین، سەرۆکی زانکۆ بە سەردانێکی فەرمی هاتوونەتە بەیژینگی پایتەختی چین و بەشدارییان لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن و بە تایبەتیش کردنەوەی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی بەیژینگ کرد.
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین سەردانی بەشی كوردى لە زانکۆکەدا كرد و پیرۆزبایی خۆی و هەرێمی کوردستانی گەیاندە سەرۆکایەتی زانکۆ و دڵنیایی پاڵپشتی تەواوی ئەکادیمی و لۆجیستی لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیاند.
بنەمای کاری هەردوولاش لە رێگەی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان پ.د. کامەران یونس و د. زاو جانک، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی بەیژینگ جەختی لێکرایەوە.
لێکتێگەیشتنە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆدەگرێ:
- پاڵپشتی ئەکادیمی: زانکۆی سەلاحەدین مامۆستای شارەزای زمانی کوردی دەنێرێ بۆ چین تاوەکو بۆ سیمستەرێک یان چەند بابەتێک وانە بڵێنەوە.
- پاڵپشتی لۆجیستی: دابینکردن و ناردنی سەرچاوە و پەرتووکی کوردی بۆ کتێبخانەی بەشی کوردی لە زانکۆی بەیژینگ.
- ئاڵوگۆڕی خوێندکاران: رەخساندنی زەوینە بۆ چوونی خوێندکارانی چینی بۆ هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی راهێنانی پراکتیکی لە زمان و فەرهەنگی کوردیدا.
پیشتر سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لەو زانکۆیە سەردانی زانکۆی سەلاحەدینی کردبوو و بۆ 4 مانگ لە هەولێر مایەوە، کە تێیدا بەشداری لە خولی ئەکادیمی زمانی کوردی و چالاکییەکانی زانکۆدا کردبوو.
زانکۆی سەلاحەدین لەسەر ئاستی عێراق یەکەم بەشی زمانی چینی کردووەتەوە کە ئێستا خوێندکار و دەرچوویشی هەیە.
پێگە و گرنگی "زانکۆی بەیژینگ بۆ توێژینەوە بیانییەکان"
ئەم ناوەندە ئەکادیمییە یەکێکە لە ناودارترین و گەورەترین زانکۆکانی چین و جیهان، بەم تایبەتمەندییانە دەناسرێتەوە:
ریزبەندیی جیهانی (Rankings):
* بەپێی پلاتفۆرمی شانگەهای (ARWU)، لە نێوان نزیکەی 3,000 زانکۆی چیندا پلەی یەکەمی هەیە لە گرنگیدان بە زمان.
* بەپێی پلاتفۆرمی QS ی نێودەوڵەتی، لە بواری پسپۆڕیی خۆیدا پلەی 18ەیەمی جیهانی هەیە.
* لانکەی دیپلۆماتان: زیاتر لە سێ هەزار دەرچووی ئەم زانکۆیە لە کۆنسووڵخانە و باڵیۆزخانەکانی کۆماری میللی چیندا کاریان کردووە، بۆیە بە "لانکەی دیپلۆماتکاران" ناسراوە.
* پەیوەندی نێودەوڵەتی: گرێبەست و هاوبەشی ئەکادیمی لەگەڵ 300 زانکۆی دیاری جیهان هەیە، لەوانە: کەیمبرج (بەریتانیا)، شیکاگۆ (ئەمریکا)، تۆکیۆ (ژاپۆن)، لەگەڵ چەندین زانکۆی ئوسترالیا و ئەورووپا.
* لەم زانکۆیەدا 101 زمان دەخوێندرێن.
* بەشی زمانی کوردی دەبێتە یەکەم بەشی زمانی کوردی لە تەواوی کۆماری میللی چیندا لە چوارچێوەی پڕۆگرامی خوێندنە بیانییەکان.
* سیستمی خوێندنەکە 4 ساڵیە و بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە دەرچووان دەبەخشێت.
* ئێستا 11 قوتابی چینی وەک یەکەم قۆناخ لەم بەشەدا دەستیان بە خوێندن کردووە.



