رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، "بە لایەوە گرنگ نییە" ئەگەر ئێران و وڵاتانی کەنداو کۆببنەوە یان نا.
سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئایرلاند، کاتێک لەلایەن رۆژنامەڤانانەوە لەبارەی کۆبوونەوەی پلانبۆدانراوی رۆژی دووشەممەی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو لە عومان پرسیاری لێکرا، گوتی: "گرنگ نییە بە لامەوە. ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە."
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی رۆژی دووشەممەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە عومان بۆ تاوتوێکردنی پرسی تەنگەی هورمز، بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییەکانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
ئەم گفتوگۆیانە لە شاری سەلالە لە عومان دەکرێن، ئەوەش لە کاتێکدایە ئێران و ئەمریکا لەسەر ئەو تەنگە گەمارۆدراوە لە ناکۆکی و ململانێدان، کە پێگەیەکی یەکلاکەرەوەی بۆ بازرگانیی جیهانیی نەوت و گاز هەیە.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران (ئیرنا) رۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە، ئەم کۆبوونەوەیە "یەکەمین هەنگاو دەبێت بەرەو داڕشتنی چوارچێوەیەکی هەرێمی بۆ هاوکاریی ئەمنی" لە کەنداودا.
هاوکات ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کە ئاژانسی ئیسنا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیە "وەک بەردی بناخەیەکی بنەڕەتی دەبێت بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری و ئاسایش."
لە 28ـی شوباتی رابردووەوە و دوای ئەوەی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا رێبەری باڵای ئەو وڵاتە کوژرا، ئێران لە جەنگدایە. تاران بە زنجیرەیەک هێرش لە سەرتاسەری ناوچەکە و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر تەنگەی هورمزدا وەڵامی دایەوە، کە پێشتر یەک لەسەر پێنجی سەرجەم نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.
تاران هەوڵدەدات دەسەڵات و کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئەو رێڕەوە ئاوییەدا بە فەرمی بکات، لەنێویاندا ئەگەری سەپاندنی باج بەسەر هاتووچۆی کەشتییەکاندا؛ هەروەها لە دانوستاندندایە لەگەڵ مەسقەت، کە ئاوە هەرێمییەکانی ئەویش بەشێک لە تەنگەی هورمز لەخۆدەگرن.
پێش هەڵگیرسانی جەنگ، تەنگەی هورمز بە شێوەیەکی کراوە و بێبەرامبەر لەلایەن کەشتییەکانی جیهانەوە بەکاردەهێنرا.



