رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک سەرچاوە بە ماڵپەڕی سی ئێن ئێنیان راگەیاندووە، پێت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا و بەرپرسە سیاسییە دەستنیشانکراوەکانی ناو وەزارەتەکەی، گوشارێکی زۆریان دروستکردووە تاوەکو ئەو دوو فڕۆکەوانەی لە مانگی نیسانی رابردوودا لە ئاسمانی ئێران خرانە خوارەوە، بەشداری لە بەرنامەی بەناوبانگی "60 Minutes"ی تۆڕی سی بی ئێسدا بکەن.
هەردوو فڕۆکەوانەکە لە سەرەتادا دودڵیی خۆیان دەربڕیبوو لە ئەنجامدانی هەڤپەیڤینەکە، بەجۆرێک یەکێکیان نیگەرانیی خۆی نیشاندابوو لە ئەگەری بەزۆر ئاڕاستەکردنیان بۆ بەشداریکردن، هاوکات بەرپرسانی سەربازیش ترسیان لە ئەگەری درکاندنی زانیارییە نهێنییەکانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەکە هەبوو.
دوای ئەوەی هەردوو رزگاربووەکە نیگەرانییان دەربڕی، هێگسەس بە شێوەیەکی تایبەت لەگەڵیان کۆبووەوە و پرساری لێکردن کە ئایا ئارەزووی بەشداریکردن دەکەن لەبری بەزۆر ناچارکردنیان. لە ئەنجامدا، یەکێک لە فڕۆکەوانەکان کە بە ناوی خوازراوی "Bravo" ناونراوە، رازی بوو چاوپێکەوتنی راستەوخۆ بکات، لە کاتێکدا فڕۆکەوانەکەی دیکە بە ناوی "Alpha" رەتیکردەوە بەشداری بکات.
پێشبڕکێی میدیایی و رەتکردنەوەی پێنتاگۆن
شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە وەڵامی زانیارییەکانی سی ئێن ئێندا رایگەیاند: "ئەم دەنگۆیانە بە تەواوی بێ بنەمان. بڕیاری بەشداریکردن لە چاوپێکەوتنەکە تەنیا لەسەر بڕیاری خۆدی فڕۆکەوانەکان بووە، چونکە ئەمە چیرۆکی ئەوانە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی جەنگ پارێزگاریی تەواوی لە ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەکان و سەرچاوە هەواڵگرییەکان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، باری وایس، سەرنووسەری فەرمیی دەزگای میدیایی سی بی ئێس، بە شێوەیەکی کەسی پەیوەندی بە هێگسەس و بەرپرسانی دیکەی ئیدارەی ترەمپەوە کردبوو تاوەکو تۆڕەکەیان مافی تایبەتی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکەی پێببەخشرێت.
بەرنامەی "60 Minutes" کە وەرزی نوێی لە 13ی ئەیلوولی 2026 دەستپێدەکات، بە یەکێک لە پڕ بینەرترین بەرنامە هەواڵییەکانی ئەمریکا ئەژمار دەکرێت.
وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن لە ناو خاکی ئێراندا
چیرۆکی رزگارکردنەکە باس لەوە دەکات دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە، فڕۆکەوانی یەکەم لە کاژێرەکانی سەرەتادا دۆزرایەوە. بەڵام فڕۆکەوانی دووەم، کە ئەفسەری سیستەمی چەکەکان بوو، زیاتر لە رۆژێک خۆی لە چاوی هێزەکانی ئێران شاردبووەوە و سەرکەوتبوو بۆ ناوچەیەکی شاخاوی بە بەرزی حەوت هەزار پێ لە ئاستی دەریاوە، لە کاتێکدا تەنیا دەمانچەیەک، ئامێرێکی پەیوەندی و هێمادەرێکی شوێنکەوتنی پێبوو.
لە کۆتاییدا سەربازەکە لەلایەن تیمێکی کۆماندۆی ئەمریکاوە رزگارکرا، بە هاوکاریی فڕۆکە جەنگییەکان کە بۆردومانی ناوچەکەیان دەکرد تاوەکو رێگەی دەربازبوون پاک بکەنەوە.
نیگەرانییەکانی بەشی سەربازی
چەندین سەرچاوەی سەربازی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەفسەرە پلەبەرزەکان نیگەران بوون لەوەی نوسینگەی هێگسەس ئەم سەروەرییە سەربازییە بۆ مەبەستی سیاسی و پروپاگەندەی جەنگی ئێران بەکاربهێنێت، بەتایبەت لەم کاتەدا کە هێزەکانی ئەمریکا هێشتا لە ناوەڕاستی بەریەککەوتنی سەربازیدان لەگەڵ ئێراندا.
ژەنڕاڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی ئەڕکانی سوپای ئەمریکا، نیگەرانیی خۆی دەربڕیبوو لەوەی هەڤپەیڤینەکە تەکیتکە سەربازییەکان بۆ دوژمن ئاشکرا بکات، بەڵام لە کۆتاییدا خۆیشی بەشداری لە بڕگەیەکدا کردوو تاوەکو جەخت بکاتەوە کە هێزەکان هیچ کەسێک بەتەنیا جێناهێڵن.



