رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 4-9-2026، پۆلیسی کانتۆنی شافهاوزنی سویسرا بڵاویکردەوە، لە یەکێک لە رووبارەکانی ناوچەکە گەنجێک خنکاوە و تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە. دواتر، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە گەنجەکە خەڵکی باشووری کوردستانە.
پۆلیسی کانتۆنەکە سەبارەت بە گەنجەکە بە رووداوی راگەیاند، شیکارییەکان لەسەر ئەو تەرمە بەردەوامن و لە کاتی ناسینەوەی تەواوەتیدا پەیوەندی بە کەسوکارییەوە دەکرێ.
پۆلیسی سویسرا چی دەڵێت؟
رۆژی شەممە، 12ی ئەیلوولی 2026، پۆلیسی کانتۆنی شافهاوزنی سویسرا سەبارەت بەو رووداوە لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئێدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی بەشی ئینتەیکی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند: "شیکارییەکان لەسەر ئەو تەرمە بەردەوامن. تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە مردووەکە کێیە، بەڵام هەر کەسێک بێت، ژمارە و وردەکاریی پەیوەندی کەسوکاری ئەو هاووڵاتییانەمان لایە کە لە سویسرا دەژین".
پۆلیسی کانتۆنەکە ئاماژەی بەوەش کرد: "دوای ناسینەوەی، پەیوەندی بە کەسوکارییەوە دەکەین"؛ دەشڵێت، "پۆلیسی فیدراڵی کەسوکاری کەسەکە ئاگادار دەکەنەوە".
پۆلیس لە وەڵامەکەیدا نە پشتڕاستی کردەوە گەنجەکە کورد بێت و نە رەتیشی کردەوە.
رووداوەکە چۆن بووە؟
پۆلیسی شافهاوزن دەڵێت: "دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی، 4ی ئەیلوولی 2026، چەند کەسێک پەیوەندییان بە سەنتەری ئۆپەراسیۆنەکان و کۆنترۆڵی هاتووچۆی پۆلیسی شافهاوزنەوە کرد و رایانگەیاند، کەسێک لە رووباری راین رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە".
بە گوێرەی راگەیێندراوی پۆلیس، "لە ئۆپەراسیۆنێکی بەدواداگەڕاندا کە هێلیکۆپتەرێکی فریاکەوتنیشی تێدا بەکارهات، هێزەکانی پۆلیس لە دوانیوەڕۆی هەمان رۆژدا تەرمی گەنجێکی تەمەن 24 ساڵیان لە رووبارەکە لە نزیک پردی پیادەی فلورلینگن دۆزیەوە".
لە بەشێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە کە ئەو کەسە ناوی (م. ر)یە و خەڵکی شاری هەولێرە.



