رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کاربەڕێکەری هێزی دەریایی ئەمریکا دەڵێ، بنکەیەکی سەرەکیی هێزەکانی دەریایی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە جەنگی ئێراندا زیانی گەورەی بەرکەوتووە.
رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، هانگ کاو، وەزیری کاربەڕێکەری هێزی دەریایی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا سەبارەت بە بنکەی پاڵپشتیی دەریایی ئەمریکا لە بەحرێن، کە بارەگای فەرماندەیی ناوەندیی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و کەشتیگەلی پێنجەمە، گوتی: "ئەوان زیانی گەورەیان بە بنکەکەمان لە بەحرێن گەیاندووە."
وێنەی مانگە دەستکردەکان و راپۆرتە هەواڵییەکانی میدیای ئەمریکا پێشتر زیانە گەورەکەی بنکەکەیان لە ئەنجامی مووشەکەکانی ئێرانەوە بڵاوکردبووەوە، بەڵام قسەکانی کاو دانپێدانانێکی فەرمییە لەسەر قەبارەی وێرانکارییەکان.
کاو بە میدیاکەی گوتووە، "تیمێکی راویژکاری راسپاردووە" تاوەکو لێکۆڵینەوە بکەن لەوەی ئایا هێزی دەریایی پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی بنکەکەیە بۆ پاراستن و مانەوەی هێزەکان لە ناوچەکەدا یان نا.
کاردانەوەی ئێران بۆ قسەکانی کاو
لە وەڵامی قسەکانی کاودا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێکس نووسی: "دەستخۆشی لە راشکاویی هانگ کاو، وەزیری کاربەڕێکەری هێزی دەریایی دەکەین."
عێراقچی نووسیویەتی: "هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان بەڕاستی 'بارەگای کەشتیگەلی پێنجەمیان لە بەحرێن وێران کردووە'، هەروەها بنکەکانی دیکەیشیان کردووەتە ئامانج کە پشتیوانییان لە دەستدرێژییەکانی ئەمریکا دەکرد. گەلی ئەمریکا شایستەی ئەوەن باجی جەنگەکانی ئیسرائیل نەدەن."
بەرپرسێکی ئەمریکا: هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئوردن زیانی بە فڕۆکەکانمان گەیاندووە
رۆژی پێنجشەممە، 10ی ئەیلوولی 2026، بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ رایگەیاند، هێرشی ئێران زیانی بە فڕۆکەیەکی ئەی 10 سەندەربۆڵت گەیاندووە و باڵێکی لێکردووەتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هەشت فڕۆکەی جۆری F-15ش زیانی کەمیان بەرکەوتووە و دواتر گەڕێندراونەتەوە بۆ خزمەت. بە گوێرەی ئەو بەرپرسە، هێرشەکە رۆژی سێشەممە کراوە.
هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکە لە ئوردن دوای ئەوە هات کە هێزەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، پێنج کەشتیی نەوتی خاوی ئێرانیان تێکشکاندووە. پێرێ، فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانی لە وەڵامی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێراندا بووە کە لە چەند رۆژی رابردوودا دووجار بە مووشەکی بالیستی کەشتییەکی جەنگیی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکای کردووەتە ئامانج.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە گوتیشی، هێزەکانیان 30 مووشەکی جۆری پاتریۆتیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بتوانن بەرپەرچی مووشەکەکانی ئێران بدەنەوە.
بەپێی راپۆرتێکی مانگی ئایاری دەستەی توێژینەوەی کۆنگرێس، لەم جەنگەدا 42 فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکی تێکشکاون یان زیانیان بەرکەوتووە.



