رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئەو داتایانەی رۆژی هەینی لەلایەن رێکخراوی یۆرۆکۆنترۆڵەوە بڵاوکرانەوە، ئاسمانی ئەورووپا لە کاتی پشووەکانی هاوین لە تەممووز و ئابدا قەرەباڵخترین ساتی خۆی بەخۆیەوە بینیووە، ئەمەش سەرەڕای جەنگی ئێران و گرانبوونی نرخی سووتەمەنی.
بەپێی ئامارەکە، ئەورووپا رۆژانە تێکڕا 35 هەزار و 959 گەشتی ئاسمانی تێدا کراوە، کە 2.4٪ زیادی کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی پار. رۆژی 10ی تەممووز 37 هەزار و 640 گەشت تۆمارکراوە کە ئەوەش ژمارەی پێوانەیی بووە.
ئەگەرچی یۆرۆکۆنترۆڵ دانی بەوەدا ناوە کە جەنگی ئەمریکا و ئێران "کاریگەری " لەسەر وەرزی گەشتیاریی ئەم ساڵ هەبووە، بەڵام جەنگەکە هانی زۆرێک لە ئەورووپییەکانی داوە پشووەکانیان لە نێوخۆی کیشوەرەکەی خۆیاندا بەسەربەرن.
فەرەنسا وەک خراپترین وڵات ماوەتەوە لە دروستبوونی دواکەوتن بەهۆی کێشەکانی بەڕێوەبردنی کۆنترۆڵی هاتووچۆی ئاسمانییەوە، کە بە تەنیا بەرپرس بووە لە %32ی سەرجەم دواکەوتنەکان لە کیشوەرەکەدا.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی و مووشەکی و درۆنی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. رۆژێک پێش دەستپێکی جەنگەکە بەرمیلێک نەوت بە 72.5 دۆلار بوو بەڵام لەو کاتەوە لەنێوان 80 بۆ 120 دۆلار بووە.



