رووداو دیجیتاڵ
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئەم هەفتەیە سزای دارایی بەسەر بانکێکی گەورەدا دەسەپێنێت؛ ئەوەش لە چوارچێوەی بەردەوامیی گوشارە ئابوورییەکانی واشنتن بۆ سەر تاران بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی زیاتر لە شەش مانگە لە نێوانیاندا بەردەوامە.
رۆژی هەینی، 10ـی ئەیلوولی 2026، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژی دووشەممە سزاکان رادەگەیێندرێن، بەبێ ئەوەی ناوی بانکەکە یان وڵاتەکەی ئاشکرا بکات. بێسێنت گوتی، لە بنەڕەتدا بڕیار بوو سزاکان رۆژی هەینی رابگەیێندرێن، بەڵام بەهۆی رێوڕەسمەکانی یادی 25 ساڵەی هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەری 2001ـەوە دواخراوە.
هۆشداریی تووند بە کۆمپانیا و دامەزراوە داراییەکان
بێسێنت هۆشداریی تووندی دایە هەموو ئەو دامەزراوە و لایەنانەی بەردەوامن لە بازرگانیکردن لەگەڵ تاران و گوتی، "ئێمە لەم پرۆسەیە بەردەوام دەبین تاوەکو ئەو کاتەی هەمووان دەستبەرداری مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم رژێمە دەبن؛ مامەڵەکردن لەگەڵیان هێندە بێ کەڵک و پڕ لە زیان دەکەین کە ئەگەر لایەنێک بیەوێت مەترسیی لەنێوچوون بخاتە سەر کۆمپانیاکەی یان سەرمایەکەی با بەردەوام بێت، بەڵام بزانن کە ئێمە بەدوای هەمووتانەوەین."
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە مانگی شوباتی رابردوودا، ئەمریکا زنجیرەیەک رێکاری ئابووریی تووندی دژ بە ئێران گرتووەتەبەر کە کەرتی هەناردەکردنی نەوت، تۆڕەکانی کەشتیوانی، کەناڵەکانی کڕینی چەک، ناوەندەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی دیجیتاڵی و کەرتی فڕۆکەوانیی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج.
چڕکردنەوەی هەڵمەتی سزاکان
لە مانگی رابردووەوە، ئیدارەی ترەمپ هەڵمەتێکی گەورەی ئابووری دژ بە ئێران راگەیاندووە؛ لەو چوارچێوەیەدا سزای بەسەر نزیکەی 60 دامەزراوە، کەسایەتی و کەشتیدا سەپاندووە و مەودای سزاکانی بۆ ئەو لایەنانەش فراوانتر کردووە کە لە کەرتەکانی گواستنەوەی دەریایی، فڕۆکەوانی، تەکنەلۆژیا، زێڕ و سەرمایەی دیجیتاڵیدا مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن.
سەرەڕای چڕبوونەوەی ئەم گوشارە داراییە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشبینیی کردووە کە شەڕی نێوان وڵاتەکەی و ئێران بەم زووانە کۆتایی نایەت، بەڵکو پێدەچێت تاوەکو دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا درێژە بکێشێت.



