رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک پەشیمان نییە لە شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگ دژ بە ئێران و ئەگەر بگەڕێتەوە رابردوو بە هەمان شێوە مامەڵە دەکات؛ ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی گومانەکانی لە درێژەکێشانی شەڕەکە، بە شێوەیەکی نهێنی و راستەوخۆ پەیوەندی بە فەرماندە سەربازییەکانەوە کردووە بۆ وەرگرتنی زانیاریی هەواڵگری لەسەر رەوشی بەرەکانی جەنگ.
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز) بەرگریی لە بڕیارەکانی خۆی کرد و گوتی، "من باوەڕم بە وشەی پەشیمانی نییە؛ مرۆڤ هەمیشە دەتوانێت کەمێک گومان لە خۆی بکات، بەڵام ئەگەر ناچار بم جارێکی دیکە ئەو کارە بکەمەوە، بە هەمان شێوازی پێشوو دەیکەمەوە، چونکە من توانای ئەتۆمیی ئەوانم لەنێوبرد."
ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە لەو جەنگەی لە شوباتی رابردوودا ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل دژی تاران دەستیپێکرد، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نەکرانە ئامانج، بەڵام ترەمپ پێشتر بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ساڵی پێشتر لە هێرشەکانی ئەمریکادا بە تەواوی وێران کراوە.
هۆشداریی فەرماندە سەربازییەکان
هاوکات لەگەڵ قسەکانی ترەمپ، رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) ئاماژەی بەوە کردووە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی گومانەکانی لە ئەنجامەکانی ئەم شەڕە بەرفراوانە، وەزارەتی بەرگریی (پێنتاگۆن)ـی تێپەڕاندووە و راستەوخۆ داوای زانیاریی هەواڵگریی لە فەرماندە سەربازییەکان کردووە لەبارەی ئامانجەکان، تاکتیکەکان، ژمارەی قوربانییان و کاردانەوەی چاوەڕوانکراوی ئێران لە تەنگەی هورمز.
بەپێی راپۆرتەکەی (نیویۆرک تایمز) کە لە زاری زیاتر لە شەش بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، فەرماندە باڵاکانی سوپا هۆشدارییان داوەتە ڤانس لەوەی کۆگەکانی چەک و کەرەستەی سەربازیی ئەمریکا بە رادەیەکی بەرچاو کەمییان کردووە، هەروەها تاران ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ ئەوەی پێ بنێتە نێو شەڕێکی قورس و درێژخایەنەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە ئەو هەڵسەنگاندنە واقیعی و نیگەرانکەرانەی دراونەتە جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بە تەواوی پێچەوانەی لیدوانەکانی ترەمپن لە بەردەم میدیاکاندا باسیان دەکات.



