رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی پاریس دۆسیەی گەورەترین و خوێناویترین کارەساتی خنکانی کۆچبەرانی لە نۆکەندی ئینگلیز کردەوە، کە تێیدا 14 قاچاخچی بە تۆمەتی مردنی بێمەبەست و قاچاخچێتی دادگایی دەکرێن. زۆربەی ئەو کەسانەی لەو رووداوە گیانیان لەدەستدا هاونیشتمانی باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
رۆژی سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، دادگاییکردنی تۆمەتبارەکان لە پاریس دەستیپێکرد، کە زۆربەیان هاووڵاتیی ئەفغانستانین. ئەم دۆسیەیە پەیوەندی بە کارەساتی شەوی 23 لەسەر 24ـی تشرینی دووەمی 2021ـەوە هەیە، کاتێک بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز ژێر ئاو کەوت و بووە هۆی خنکان و بێسەروشوێنبوونی لانیکەم 32 کۆچبەر.
بەپێی زانیارییەکانی دادگە، زۆربەی ئەو كەسانەی لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستدا هاونیشتمانی خەڵكی باشووری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان بوون، لەگەڵ ژمارەیەک کۆچبەری دیکەی خەڵکی ئەفغانستان، میسر، ئەسیوبیا و ڤێتنام. لەو کارەساتەدا تەنیا دوو کەس (هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان و یەکێکی سۆماڵی) رزگارکران. ژمارەیەک لە خێزانی قوربانییەکان کە لە هەرێمی کوردستانەوە رۆیشتبوون، لە هۆڵی دادگاکەدا ئامادە بوون.
بەلەمێکی بێ کوالێتی و بارێکی زۆر
داواکاری گشتی، تۆمەتی ئەوەی ئاراستەی 14 قاچاخچییەکە کردووە کە بەشداربوون لە دابینکردنی بەلەمێکی بچووکی بێ کوالێتی، کە بۆ دەریا گونجاو نەبووە و لە توانای زیاتر کۆچبەری هەڵگرتووە، هەروەها هیچ ئامراز و پێداویستییەکی رزگارکردنی وەک هێلەکی مەلەکردنی تێدا نەبووە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە دوو تۆڕی قاچاخچێتی (یەکێکیان ئەفغانی و ئەوی دیکەیان عێراقی) لە پشت ئەم گەشتەوە بوون.
کۆچبەرە رزگاربووەکان لە شایەتییەکەیاندا رایانگەیاندووە کە بۆ ئەو گەشتە بڕی هەزار و 500 بۆ دوو هەزار و 750 یۆرۆیان بە قاچاخچییەکان داوە.
پەیوەندییە بێ وەڵامەکان بۆ هاناوەچوون
ئەم دۆسیەیە لایەنێکی دیکەی هەستیاری تێدایە؛ لێکۆڵینەوەکان نیشانی دەدەن کە کۆچبەرەکان پێش نووقمبوونی بەلەمەکەیان لانیکەم 10 جار پەیوەندییان بە تیمەکانی فریاگوزاریی فەرەنسا و بەریتانیاوە کردووە بۆ ئەوەی رزگار بکرێن، بەڵام هیچ لایەکیان بە هانایانەوە نەچوون. بەهۆی ئەم کەمتەرخەمییە، دۆسیەیەکی دیکە بۆ حەوت سەربازی فەرەنسی کراوەتەوە بە تۆمەتی "هاوکارینەکردنی کەسانێک کە لە مەترسیدابوون"، کە ئێستا لێکۆڵینەوە لەو بەشەش بەردەوامە.
بە بەشداریی 114 لایەنی مەدەنی و کەسوکاری قوربانییان، پرۆسەی دادگاییکردنەکە بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا خێزانی نۆ قوربانی لە هەرێمی کوردستانەوە روویان لە پاریس کردووە بە مەبەستی بەشداربوون لەو دادگایەدا.
" چاوەڕێی سزای تووند دەکەین"
زانا مەمەند محەممەد، سەرۆکی رێکخراوی (مەرد) بۆ قوربانییانی تاوانە رێکخراوەکان و برای یەکێک لە قوربانییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رێگەی تیمێکی پارێزەرانی فەرەنسییەوە سکاڵامان تۆمار کردووە؛ سکاڵاکە لە دژی قاچاخچییەکان و لە دژی پۆلیسیشە."
سەبارەت بە دانیشتنی دادگاکە و تۆمەتباران، زانا مەمەند ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ حەوت لە تۆمەتبارەکان لە دادگە ئامادە بوون، کە بەشێکیان تاوەکو ئێستا لە زینداندان و بەشێکی دیکەشیان بە کەفالەت ئازاد کراون؛ گوتیشی قاچاخچییەکان دووانیان هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان بوون و ئەوانی دیکەش سۆماڵی و ئەفغانستانین.
لەبارەی ئاماری تەواوی قوربانییەکانیش، سەرۆکی رێکخراوی (مەرد) روونیکردەوە، "28 کەس خنکاون و چوار کەسیش بێسەروشوێنن. لەنێو خنکاوەکاندا 17 کەسیان کوردن، هەروەها لەو چوار کەسەی کە بێسەروشوێنن، سێ کەسیان کوردن."
بە گوتەی زانا مەمەند، نۆ کەس لە کەسوکاری قوربانییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەشداریکردن لە دادگاییکردنەکە چوونەتە پاریس، کە دووانیان خەڵکی هەولێرن، سیانیان خەڵکی حاجیاوان، دووانیان لە رانیە و دووانەکەی دیکەش خەڵکی پشدەرن. حاجیاوا، رانیە و پشدەر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن لە پارێزگای سلێمانی
لەبارەی کاتی دەرچوونی بڕیاری کۆتایی و پێشبینییەکانیان، زانا مەمەند گوتی، "رۆژی 30ـی ئەم مانگە بڕیاری دادگە دەردەچێت. پێشبینی دەکەین سزای تاوانبارەکان لە ساڵێکەوە تاوەکو 10 ساڵ بێت، هاوکات چاوەڕێی سزای تووند دەکەین بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بەرپرس و کەمتەرخەم بوون."



