رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی نوێی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزیری دەرەوەی بەنگلادیش، خەلیلور رەحمان رایگەیاند کە کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ئەو خەڵکەی کە دەوڵەت یان نوێنەرایەتییان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە، خەلیلور رەحمان راستەوخۆ دوای سوێندخواردنی ئاماژەی بەوە کرد، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ "گەلانی نەتەوە یەکگرتووەکان" نووسراوە و هەموو خەڵک دەگرێتەوە، نەوەک تەنیا هاووڵاتییانی دەوڵەتانی ئەندام لە رێکخراوەکە.
ئەو لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا، رۆژنامەڤانی رووداو وای گوت، کە هاوکات یەکەم پرسیار بوو رووبەڕووی بکرێتەوە لە پاش بوونە سەرۆک.
نامۆ عەبدوڵڵا پرسیاری کرد ئایا گرووپە بێدەوڵەتەکان، لەوانەش رۆهینگیاکان و کورد، دەخرێنە ناو ئەو دیدگایەی خەلیلور رەحمان کە دەڵێت نەتەوە یەکگرتووەکان "هی هەمووانە"؟
خەلیلور رەحمان ئاماژەی بە کارەکانی پێشووی لەسەر قەیرانی رۆهینگیا دا و گوتی دوای ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر وەک نوێنەری باڵای بەنگلادیش بۆ پرسەکانی رۆهینگیا دەستنیشان کراوە، لە نزیکەوە ئازارەکانیانی بینیوە.
ئەو گوتی رۆهینگیاکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان لە میانمار.
ئەو گوتیشی: ئەوان تامەزرۆی گەڕانەوەن بۆ ماڵەکانی خۆیان.
سەرۆکی نوێی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئەنتۆنیۆ گوتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ کەمپەکانی ئاوارەکان و کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی لەسەر رۆهینگیا بەبیر هێنایەوە کە ساڵی رابردوو لەلایەن بەنگلادیشەوە رێکخرابوو.
ئەو رایگەیاند کە نزیکەی 100 هەزار رۆهینگیا لە مانگی رەمەزاندا، لە کاتی رۆژووشکاندن کۆبوونەوە و بەردەوام داوای دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانی خۆیان دەکرد.
ئەو گوتی: "ئەوە داواکاریی کۆمەڵێکی گەورەی خەڵکە کە لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەرکراون."
خەلیلور رەحمان گوتیشی، بەنگلادیش پرسیارەکەی گەیاندووەتە نەتەوە یەکگرتووەکان و "دەنگی ئەوانی بەرزتر کردووەتەوە.. هەر کە دەستمپێکرد بەردەوام دەبم لەسەر ئەمە".
ئەم لێدوانانەی دوای ئەوە هات کە نامۆ عەبدوڵڵا پرسیاری لە بەڵێنەکەی کرد بۆ "گەڕاندنەوەی متمانە" بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و لێی پرسی چی جیاواز لە سەرۆکەکانی پێشووی کۆمەڵەی گشتی دەکات کە بەڵێنی هاوشێوەیان داوە و نەیانتوانیوە بەرگری بکە لە دابەزینی متمانە بە رێکخراوەکە.



.avif&w=3840&q=75)