رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، بەهۆی شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری وڵاتەکە، 12 کەس کوژران کە ژن و منداڵیان تێدایە، ئەمەش دوای ماوەیەک لە هێوربوونەوەی بارودۆخەکە دێت.
رۆژی دووشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنانیان کردە ئامانج. تەنیا لە هێرشێکدا بۆ سەر باڵەخانەیەک لە شارۆچکەی (کەفەر رومان)، 11 کەس کوژران، کە چوار ژن و دوو منداڵیان تێدایە. لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر هەمان شارۆچکە، کارمەندێکی تەمەن 18 ساڵانی تیمەکانی فریاگوزاری کوژرا.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە بەردەوام دەبێت لە پێکانی پێگەکانی حیزبوڵڵا و گوتى، "ئێمە بۆ لادانی هەڕەشەکان کار دەکەین، لە هەمان کاتیشدا پابەندین بە رێککەوتنی ئاگربەست." ئیسرائیل حیزبوڵڵا تۆمەتبار دەکات بەوەی لە رێگەی درۆنەوە هێرشی کردووەتە سەر سەربازەکانی و هەوڵی دووبارە بەهێزکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی دەدات لە باشووری لوبنان.
وێرانکاری و ئاوارەبوونی خەڵک
شایەتحاڵان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ژمارەیەک باڵەخانە بە تەواوی وێران بوون و کتێبی قوتابخانە و پاشماوەی کەلوپەلی ماڵان لە نێو داروپەردەکاندا بڵاوبوونەتەوە. عەباس توفەیلی، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە رایگەیاند، "کاژێر 2ـی شەو پەیوەندییان پێوە کردم و گوتیان ماڵەکەت بەجێبهێڵە، چونکە دەکرێتە ئامانج. بڕوام نەدەکرد چونکە هیچ شتێکی تێدا نەبوو، بەڵام ناچار بووم هاوژین و منداڵەکانم بە بیجامەوە ببەمە سەر شەقام و تەماشای وێرانبوونی ماڵەکەم بکەم."
ئەم ئاڵۆزییانە لەکاتێکدایە کە لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە، بەهۆی لێکگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران، شەڕ و پێکدادانەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کەمییان کردبوو. بەپێی ئامارەکانی حکومەتی لوبنان، لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکان و هێرشی زەوینیی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان، زیاتر لە چوار هەزار و 300 کەس کوژراون.
جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان داوا لە واشنتن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل و پاراستنی رێککەوتنی ئاگربەست.



