رووداو دیجیتاڵ
پێش نمایشکردنی فەرمیی لەسەر
فەرشی سوور، سەرجەم بلیتەکانی پێشاندانی فیلمی (بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن
بتکوژێت)، بەتەواوی فرۆشراون؛ ئەمەش
خواستی زۆری کڕیارە نێودەوڵەتییەکان، داڕێژەرانی بەرنامەی فێستیڤاڵەکان و
میدیاکاران بۆ فیلمی دەرهێنەرە گەنجەکەی کورد پێشاندەدات.
ئەم گرنگیدانە بەرفراوانە
هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی کەمپەینێکی جیهانی بۆ فیلمەکە، دوای
ئەوەی بە فەرمی هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی لە خولی داهاتووی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا کێبڕکێ
لەسەر بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی بکات.
بەشێوەیەکی گشتی، جووڵەی
بازرگانیی فێستیڤاڵی ڤێنیس زیاتر لە بەرژەوەندیی دەرهێنەرە نێودارەکانی ئەورووپا و
فیلمە دیارەکانی ئەمریکادایە، بەڵام فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفا، کە لە روانگەیەکی
واقیعی و کاریگەرەوە رەهەندە دەروونی و سەختەکانی جەنگ دەگێڕێتەوە، توانیویەتی
لەنێو خشتەی چڕی فێستیڤاڵەکەدا سەرنجەکان بۆ لای خۆی رابکێشێت و، سەرجەم بلیتەکانی
نمایشی یەکەمی بفرۆشرێن.

هەڵکەوت مستەفا لە ڤێنیس بە
تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:
"زۆر دڵخۆشم بەوەی سەرجەم
بلیتەکانی فێستیڤاڵی ڤێنیس فرۆشراون. کۆمپانیاکانی
دابەشکردن و رۆژنامەڤانان پێمدەڵێن فیلمەکە یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمەکانی ئەم
ساڵ لە ڤێنیس".
ناساندنی فیلمەکە لە
فێستیڤاڵەکەدا پاڵپشتییەکی سەرەتایی بەهێزی بەخۆوە بینی، ئەوەش دوای ئەوەی لە
پرۆسەی هەڵبژاردنی نێوخۆی عێراقدا بە کۆی دەنگ سەرکەوتنی
بەدەستهێنا و وەک نوێنەری فەرمیی عێراق بۆ خەڵاتەکانی ئۆسکار دەستنیشان کرا.
هەڵکەوت مستەفا دەڵێت: "بەکۆی دەنگ دەستنیشانکردنی فیلمەکە وەکو نوێنەری
عێراق لە ئۆسکار، یارمەتیدەرێکی گەورە بوو بۆ ئەوەی دەنگدانەوەی میدیایی زیاتری
هەبێت."

لەگەڵ ئەوەشدا، گۆڕینی ئەم
سەرکەوتنەی فێستیڤاڵەکە بۆ کەمپەینێکی بەردەوامی بردنەوەی خەڵات لە هۆڵیوود،
ئاستەنگێکی گەورەی دارایی و لۆجستییە. بەرهەمە
سەربەخۆکانی ناوچەکە زۆرجار رووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە لە بەرامبەر کۆمپانیا
گەورەکانی هۆڵیوود؛ هەر بۆیە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی پێشبڕکێکانی خەڵاتەکانی
ئۆسکار، پاڵپشتیی بەرفراوان بۆ فیلمەکە پێویستییەکی گرنگە.
هەڵکەوت مستەفا داوا لە
دامەزراوە سیاسی و کولتوورییەکان دەکات هەوڵی پێویست بدەن بۆ فیلمەکە بۆ ئەوەی
بتوانێ لەسەر ئاستی جیهانی کێبڕکێ بکات. هەروەها
گوتیشی: "لە یەکی ئۆکتۆبەرەوە پلانێکی
گەورە بۆ ئۆسکار دادەنرێت. داوا لە حکومەتی هەرێمی
کوردستان و حکومەتی فیدرالیی عێراق دەکەم کار بکەن بۆ بەهێزکردنی پێگەی فیلمەکە لە
کێبڕکێیەکانی ئۆسکاردا."

پێکهاتەی نێودەوڵەتیی ئەم
بەرهەمە لە ئەکتەرەکانیدا رەنگیداوەتەوە. تۆربیۆرن
هار، ئەکتەری بەنێوبانگی نەرویجی کە بە کارەکانی لە درامای ئەسکەندەناڤی و بەرهەمە
نێودەوڵەتییە تەلەڤزیۆنییەکان دا ناسراوە، رۆڵێکی سەرەکی لەم پڕۆژەیەدا بینیوە.
هار لە ڤێنیس بە رووداوی
راگەیاند، تێکەڵکردنی ئاکشن و کێشمەکێشی دەروونی لە دەقی فیلمەکەدا، ئەم بەرهەمەی
لە فیلمە سەربازییە باوەکان جیاکردووەتەوە. هار گوتی: "وەکو نەرویجییەک زۆر شانازی دەکەم کە بەشێکم لەم
فیلمە کوردییە. سەرنجڕاکێشترین خاڵ لەم
فیلمەدا ئەوەیە کە فیلمێکی ئاکشنە، بەڵام هاوکات پەیامێکی قووڵی هەیە."
هار ئاماژەی بەوەش کرد، هەر
دوودڵییەکی سەرەتایی سەبارەت بە کارکردن لە پڕۆژەیەکی لەم شێوەیەدا کە لەڕووی
سیاسی و کولتوورییەوە هەستیارە، دوای گفتوگۆی لەگەڵ دەرهێنەرەکە بە تەواوی
رەویوەتەوە.
ئەو ئەکتەرە نەرویجییە گوتی: "دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵکەوت قسەم کرد بۆ تێگەیشتن لە
فیلمەکە، بڕیاردان بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکەدا زۆر ئاسان بوو. کارەکە بە تەواوی لە دڵەوە سەرچاوەی گرتووە. رۆحی گەورە و دڵە فراوانەکەی هەڵکەوت وزەیەکی زۆری بە فیلمەکە
بەخشی."
هەروەها هار جەختی لەوەکردەوە
کە بینینی زیاتری فیلمەکە وەک پێوەرە سەرەکییەکەی سەرکەوتن دەمێنێتەوە. هار گوتی:
"گرنگترین شت ئەوەیە کە فیلمەکە
بینەری هەبێت و ببینرێت. بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی
ڤێنیس خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ فیلمەکە، هەروەها بوون بە نوێنەری وڵات
لە ئۆسکار سەرکەوتنێکی گەورەی دیکەیە."
پڕبوونی هۆڵی پێشاندانی
فیلمەکە لە ڤێنیس، دەستپێکێکی زۆر باشە بۆ فیلمەکە، هەوادارانی فیلمیش لە کوردستان
پێویست ناکات زۆر چاوەڕێ بکەن تاوەکو ئەم فیلمە لەسەر شاشەی گەورەی سینەماکان
ببینن. پاش بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی
ڤێنیس، بڕیارە رۆژی 20ی ئەیلوول یەکەم پێشاندانی
فیلمی (بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن
بتکوژێت) لە هەرێمی کوردستان
بەڕێوەبچێت و، لە سینەماکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی نمایش بکرێت.


.jpg&w=3840&q=75)