رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئێکس توانی بهشێکی جهنگێکی یاسایی لە بەرژەوەندیی خۆی کۆتایی پێبهێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی دادوەرێک بڕیاریدا کە هیچ کۆمپانیایەکی نوێ بۆی نییە ناوی تویتهر بەکاربهێنێت، بەڵام رێگەی پێدا وێنەی باڵندە شینەکە بۆ خۆی ببات.
کۆڵم کۆنۆلی، دادوەری فیدراڵی لە ویلایەتی دیلاوێر، رۆژی پێنجشەممە بڕیارێکی دەرکرد بۆ رێگریکردن لە کۆمپانیای (ئۆپێرەیشن بلوبێرد) لە بەکارهێنانی ناوی تویتهر و ئەو ناوانەی پەیوەندییان بەو براندەوە هەیە. دادوەرەکە ئەو بانگەشەیەی کۆمپانیا نوێیەکەی رەتکردەوە کە دەیگوت ئێکس دەستبەرداری براندی تویتهر بووە کاتێک لە ساڵی 2022دا ئیلۆن مەسک بە 44 ملیار دۆلار کڕی و ناوەکەی گۆڕی بۆ ئێکس.
هەرچەندە مەسک توانی رێگری لە هەر کەسێک بکات ناوی تویتەر بەکاربهێنێت، بەڵام دادوەرەکە بڕیاریدا کە کۆمپانیای ئێکس چیدیکە مافی خاوەندارێتیی وشەی "تویت"ـی بۆ ئاماژەدان بە بڵاوکراوەکان و لۆگۆی "باڵندە شینەکە"ـی تویتهری نییە. دادوەرەکە ئاماژەی بە لێدوانە کۆنەکانی ئیلۆن مەسک کرد کە پێشتر گوتبووی "ماڵئاوایی لە هەموو باڵندەکان دەکەین"؛ ئەمەش لای دادوەرەکە بە مانای دەستبەرداربوون لەو لۆگۆیە دێت.
ستیڤن کۆتس، پارێزەری کۆمپانیای ئۆپێرەیشن بلوبێرد رایگەیاند، "ئێمە پابەندی بڕیارەکە دەبین، بەڵام زۆر دڵخۆشین بەوەی دادوەر رێگەی پێداین وێنەی باڵندەکە و وشەی 'تویت' بەکاربهێنین." ئەو کۆمپانیایە نیازی هەیە لەم هەفتەیەدا پلاتفۆرمێکی نوێ بەناوی (تویت ئاپ) رابگەیێنێت.
ئەم کێشە یاساییە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، کاتێک کۆمپانیای ئۆپێرەیشن بلوبێرد، کە بنکەکەی لە ڤێرجینیایە، هەوڵیدا ناوی تویتهر بۆ خۆی تۆمار بکات بەو پاساوەی کە ئێکس ناوەکەی گۆڕیوە و براندەکەی پشتگوێ خستووە. لە بەرامبەردا ئێکس سکاڵای تۆمار کرد و گوتی، براندی تویتهر هێشتا "بە زیندوویی و بە باشی ماوەتەوە" و کەس بۆی نییە بەکاریبهێنێت.


