رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە وەک "شێت" تەقە لە کەشتییە بازرگانییەکان دەکەن و ئەوەشی بە هۆکاری سەرەکیی بەرزمانەوەی نرخی بەنزین لە ئەمریکا گەڕاندەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، ڤانس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی سەبارەت بە بەڵێنەکانی پێشووی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە بۆ دابەزاندنی نرخی گاڵۆنێک بەنزین بۆ سێ دۆلار بەرگری لە وەزیرەکە کرد و رایگەیاند، شتەکان "لە بنەڕەتدا پێشبینی نەکراون."
ڤانس گوتی: "واقیعی بنەڕەتی ئەوەیە کە هۆکاری بەرزیی نرخی بەنزین ئەوەیە کە ئێرانییەکان تەقە لە کەشتییە بازرگانییەکان دەکەن. تەنانەت کاتێک رێککەوتنیشیان واژۆ کرد بۆ راگرتنی تەقە، دەستبەجێ گەڕانەوە سەر هەمان رەفتار."
رۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی دراوسێی، لەوانە هەرێمی کوردستان، کوێت، بەحرێن و قەتەر. رۆژی 2ـی ئاداریش، تاران تەنگەی هورمزی داخست.
بەگوێرەی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەکەدا هەناردە دەکرا کە 20٪ـی کۆی هەناردەی جیهان بوو لە رۆژێکدا، بەڵام لە دەستپێکی جەنگەکەوە بە تێکڕا رۆژانە کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیلی پێدا هەناردەکراوە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر سیاسەتی "باڵادەستیی وزە"ـی سەرۆک ترەمپ نەبووایە، نرخەکان لەوەی ئێستا زۆر خراپتر دەبوون. ئەو گوتیشی، جەنگەکە گرنگیی رێککەوتنی نەوتی ڤەنزوێلای دەرخست، چونکە ئەمریکا فێر بووە کە نابێت بۆ دابینکردنی وزە پشتبەستووی هیچ کەسێک بێت.
هەفتەی رابردوو، کۆشکی سپی رێککەوتنێکی لەگەڵ ڤەنزوێلا واژۆکرد بۆ ئەوەی بتوانن وەبەرهێنانی تێدا بکەن و زۆرینەشی لەلایەن ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت.
تەنگەی هورمز؛ ئەمریکا تەنیا پارێزەری بازاڕی وزەیە
ڤانس رەخنەی تووندی لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانیان گرت و بە "سست و بێدەسەڵات" وەسفی کردن لە ئاست پاراستنی بازاڕەکانی وزە. ئەو گوتی: "بۆچی دەبێت تەنیا لەسەر شانی ئەمریکا بێت کە بازاڕەکانی وزە بە دابینکراوی بهێڵێتەوە؟ چونکە ئێمە تەنیا وڵاتین کە توانای ئەوەمان هەیە."
بەگوێرەی گوتەکانی ڤانس، تەنیا لە شەوی رابردوودا ئەمریکا توانیویەتی 15 ملیۆن بەرمیل نەوت لە تەنگەی هورمزەوە دەرباز بکات، لە کاتێکدا ئێرانییەکان دەیانەوێت ئەو ژمارەیە "سفر" بێت. ئەو هۆشداریی دایە تاران و گوتی: "ئامۆژگاریی من بۆ ئێرانییەکان ئەوەیە؛ وەک کەسانی شێت رەفتار نەکەن. ئێمە ئەوە دەکەین کە پێویستە، سەرەڕای ئەوەی ئەوان لە تەنگەی هورمزدا چی دەکەن."
دوای دەستپێکی جەنگی ئێران، واشنتن چەندین جار داوای لە هاوپەیمانەکانی، لەوانە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ کرد هاوکارییان بکەن لە کردنەوەی تەنگەی هورمزدا، بەڵام ئەو وڵاتانە رەتیانکردووە کارێکی لەو جۆرە بکەن تاوەکو ئەو کاتەی جەنگەکە کۆتایی نەیەت.
گۆڕانکاریی کولتووری لە پێنتاگۆن
لەکاتی وەڵامدانەوەی نیگەرانییەکان لەبارەی وازهێنانی ژمارەیەک جەنەراڵی سوپا، ڤانس بەرگرییەکی تووندی لە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ کرد و گوتی، سوپا پێویستی بە "گۆڕانکارییەکی کولتووری" بوو چونکە ئەمریکا لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا هیچ جەنگێکی نەبردووەتەوە تا ئەو کاتەی ترەمپ بووە سەرۆک.
ڤانس گوتی: "ئەو کارەی پیت هێگسەس دەیکات، زیندووکردنەوەی رۆحی جەنگاوەرییە. لە سەردەمی بایدندا خەڵک نەدەچوونە ناو سوپایەکی لایەندار، بەڵام ئێستا ئاستی دامەزراندن لە بەرزترین ئاستدایە. سەربازەکان ئێستا شانازی دەکەن و هەست دەکەن واشنتن پشتگیرییان دەکات نەک چەوسێنەریان بێت."
لە دوای دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە ژمارەیەک سەربازی پلە باڵای ئەمریکا دەستیان لەکار کێشاوەتەوە، زۆرینەشیان هیچیان لەبارەی هۆکارەکەیەوە ئاشکرانەکردووە.
"ئەمریکا مەدەنی ناکاتە ئامانج"؛ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر ئاهەنگەکە
سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لە کوژرانی مەدەنییەکان دەکەن لە هێرشێکی ئەمریکادا بۆ سەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە ئێران، ڤانس گومانی خۆی لە میدیای دەوڵەتی ئێران دەربڕی و گوتی: "بە 100٪ دڵنیاییەوە دەڵێم کە ئەمریکا هەرگیز مەدەنی ناکاتە ئامانج. ئێمە وەک سوپای پاسداران نین." بەڵام جەختی کردەوە کە سێنتکۆم بە تەواوی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات، چونکە "کاتێک سوپای ئێمە هەڵە دەکات، وانەی لێ وەردەگرێت بۆ ئەوەی باشتر بێت."
بەپێی راگەیێندراوی پارێزگای هورمزگان، رۆژی سێشەممە 1ـی ئەیلوولی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ناوچەیەکی سڤیلنشینیان بۆردوومان کردووە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوژمنی ئەمریکی لە هێرشێکی دڕندانەدا بۆسەر خاکی وڵاتەکەمان، ناوچەی نیشتەجێبوونی کوهێستەکی کردە ئامانج."
شاری بەندەریی کوهێستەک دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی هورمز لە سنووری شاری سیریک لە پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران.
ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، لە هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە سیریک، چوار کەس کوژران و 50 کەسیش بریندار بوون. دەشڵێت منداڵێکی تەمەن چوارساڵان لەنێو کوژراوەکاندایە.
جەنگەکە کۆتایی هاتووە یان نا؟
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا جەنگی ئێران تاوەکو کاتی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول کۆتایی دێت، ڤانس رەتیکردەوە بە "جەنگ" ناوی ببات و گوتی: "ئۆپەراسیۆنە جەنگییە سەرەکییەکان تەنیا شەش هەفتەی خایاند و تێیدا دامەزراوە ئەتۆمی و پیشەسازییەکانی ئێرانمان تێکشکاند." ئەو گوتی، ئێستا دۆخەکە تەنیا بریتییە لە "پاراستنی هاوسەنگیی بازاڕی وزە."
سەبارەت بە هێرشە سایبەرییەکانی ئێرانیش، ڤانس دڵنیاییدا کە نیشتمان پارێزراوە و توانای ئێران بۆ تێکدانی ژیانی ئەمریکییەکان "زۆر سنووردارە."
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و رۆڵی چین
ڤانس ئاشکرای کرد، تەنانەت کۆماری میللیی چینیش لە هەندێک لایەنەوە "بەرپرسیارانەتر" لە ئێران رەفتار دەکات، چونکە ئەوان نەتەوەیەک نین تەقە لە کەشتییە بازرگانییەکان بکەن؛ ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتانی وەک تورکیا، ئازەربایجان، ئیمارات، سعوودیە و قەتەر، بە شێوەیەکی "نهێنی" زۆر کاری باش دەکەن بۆ ئەوەی هاوکاری ئەمریکا بن تاوەکو ئێران باجی تەقەکردن لە کەشتییەکان بدات.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە هەموو ئەم گوشارە ئابووری و سەربازییانە بۆ یەک ئامانجی سەرەکییە کە ئەویش "مسۆگەرکردنی ئەوەیە کە ئێران هەرگیز نەبێتە هێزێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی."

.jpg&w=3840&q=75)