رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رێککەوتن بەشێوەیەکی پلەبەندی سەربازگەی باشیکی سوپای تورکیا رادەستی لایەنی عێراقی بکرێتەوە و دەسەڵاتی دەوڵەت بەتەواوی لە شنگال بچەسپێت و "چەکداری بیانی" لێ نەمێنێت.
چوارشەممە 23ی ئەیلولی 2026، عەلی فالح زەیدی و رەجەب تەیب ئەردۆغان لە نیویۆرک کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیێنراوى نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەردوولا رێککەوتوون کە هاریکاریی نێوانیان لە بواری ئەمنیدا بەهێز بکەن و دەسەڵاتی دەوڵەت لە شنگال بچەسپێت و کۆتایی بە بوونی ئەو چەکدارانە بهێنرێت لە قەزاکە، کە بە "بیانی و قەدەخەکراو" ناویان بردوون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە: "لە چوارچێوەی ئەو پێشکەوتنەی کە عێراق لە رێگەی هەنگاوە ئەمنییەکانەوە هێناویەتییە دی، سەربازگەی سوپای تورکیا لە باشیک بەشێوەی پلەبەندی رادەستی حکومەتی فیدراڵ دەکرێتەوە، ئەوەش بەگوێرەی میکانیزم و خشتەیەکى کاتى کە هەردوولا لەبارەیەوە رێکدەکەون."
ئێستا لیژنەیەکی ئەمنیی باڵا لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە پێکهێنراوە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی شنگال، کە یەکێک لە هەنگاوەکانیان ئەوەیە گرووپە چەکدارەکانی ئەوێ کە خەڵکی قەزاکەن، لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق تێکەڵ بکرێن.
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەردوولا رێککەوتوون قەبارەی بازرگانی و وەبەرهێنانی دووقۆڵییان فراوان بکەن و بە شێوەیەکی خێرا ئەو رێککەوتنانە جێبەجێ بکرێن کە لە نێوانیاندا کراوە و بەپەلە کار بکەن لە پڕۆژە ستراتیژییە هاوبەشەکانی نێوانیان، بەتایبەت پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان.
رێگەی گەشەپێدان لە هێڵی ئاسنین و رێگەی وشکانی پێکدێت بۆ گواستنەوەی گەشتیار و کاڵای بازرگانى و بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستاندا تێپەر دەبێت. تێچووەکەی 17 ملیار دۆلارە، قۆناخی یەکەمی لە ساڵی 2028 تەواو دەبێت و دوایین قۆناخیشی لە ساڵی 2050 تەواو دەبێت.
.jpg&w=3840&q=75)
