رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگرى سەرۆکى ئەمریکا دەڵێ، لە کاتى کۆبوونەوەى لەگەڵ هەندێک لە سەرکردەکانى جیهان هەستى بە "تاریکییەکى رۆحى" کردووە و زەنگەکانى ئاگادارکردنەوە لە جەستەیدا لێیان داوە، بۆیە شۆک نابێت ئەگەر دەجال هاتبێ و لە جیهاندا بێ.
جەی دی ڤانس، رۆژى سێشەممە، 1ى ئەیلوول لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ پۆدکاستی برایس کرۆفۆرد، بانگخوازى کریستیان پەردەى لەسەر چەندین دیدگەى رۆحیى خۆى لادا. کاتێک بە شێوەیەکی راستەوخۆ پرسیاری لێکرا کە ئایا پێیوایە مرۆڤایەتى لە "کۆتایی جیهاندا" دەژیت، ڤانس وەڵامى دایەوە: "نازانم، بەڵام شۆک نابم ئەگەر دەجال لەنێوماندا بێت."
جێگرى سەرۆکى ئەمریکا ئاماژەى بەوە کرد، لەنێو بازنەکانى دەسەڵات لە واشنتن و لە کاتى دیدارە دیپلۆماسییەکانیدا، چەندین جار هەستى بە شتێکى نائاسایی کردووە و گوتی: "لە کۆبوونەوەدا بووم لەگەڵ سەرکردەکانى جیهان کە تێیدا بابەتە جیاوازەکان تاوتوێ دەکران، کاتێک کەسێک قسەیەک دەکات یان تێبینییەک دەدات، من هەست بە جۆرێک لە تاریکی دەربارەی ئەو قسەیە دەکەم؛" گوتیشی کە لەو چرکەساتانەدا "هەموو زەنگەکانى ئاگادارکردنەوەى رۆحى لە جەستەمدا ل دەدەن" و ناچارى دەکەن زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکات.
ڤانس گوتیشی، خولیای بۆ پێشبینییەکانى نێو ئینجیل دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنى 10 یان 11 ساڵ، کاتێک ئینجیلێکى تایبەتی پێدراوە. هەرچەندە ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی دەستگەیشتنی بە زانیارییە "یەکجار نهێنییەکان" هیچ دۆسیەیەکی حکومیی نەدۆزیوەتەوە بیسەلمێنێت تەنە فڕیوە نەناسراوەکان لە راستیدا جنۆکە بن، بەڵام زۆر شتی بینیوە کە وای لێکردووە رەهەندێکی رۆحی بۆ دیاردەکە هەبێ.
ژیریى دەستکرد
جێگرى سەرۆکى ئەمریکا کە پێشتر وەک وەبەرهێنەرێک لە کەرتى تەکنەلۆژیا کاری کردووە، رەخنەى تووندى لە هەندێک لە کولتوورەکانى پەرەپێدەرانى تەکنەلۆژیا گرت. ڤانس باسى لەوە کرد کە پەرەسەندنەکانى ژیریى دەستکرد "وزەیەکی رۆحیی تاریک و زۆر زۆر نامۆیان" لەگەڵە.
وەک نموونەیەک، ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، بیستوویەتی کۆمپانیایەکی ژیریی دەستکرد رێورەسمی "بەخاکسپاردن"ی بۆ یەکێک لە مۆدێلە کۆنەکانى ژیری دەستکردی خۆی رێکخستووە و کارمەندەکان بۆ لەدەستدانى ئەو تەکنەلۆژیایە گریاون. ڤانس گوتی: "ئەمە زۆر ناڕەحەتم دەکات؛" هۆشداریشی دا لەوەی کە پەرەپێدانی پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ رۆبۆتەکان و بەکارهێنانی چات بۆتەکان وەک راوێژکاری هاوژینی، جێگرتنەوەی ئەو پەیوەندییە مرۆییەیە کە خودا دروستی کردووە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ڤانس گەڕایەوە بۆ رووداوی هەوڵى تیرۆرکردنى دۆناڵد ترەمپ لە ساڵى 2024 لە پێنسلڤانیا. ڤانس گوتی، رزگاربوونى ترەمپ رێککەوت نەبووە و بەڵکو" دەستى پارێزگاریی خودا" ترەمپى رزگارکردووە.
ڤانس جەختى کردەوە لەوەى کۆمەڵگەى مۆدێرن دەیەوێ هەموو شتێک بە زانست و ئەقڵانییەت لێکبداتەوە، بەڵام پێویستە مرۆڤ رۆحانییەتى بەکاربهێنێت بۆ تێگەیشتن لە ململانێى نێوان خێر و شەڕ لە جیهاندا و قبووڵى بکات کە لە کۆتاییدا هەموو شتێک لە دەستى خودادایە.

.jpg&w=3840&q=75)

